ئه‌یلوول 24, 2018 16:09 Asia/Tehran
  • سەردانی نوێنەرانی ڕێبەری باڵای شۆڕش لە بریندارانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی ئەهواز

حوججەتولئیسلام وەلموسلمین"مەروی"و "ڕەحیمیان" کە لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپادنی تەرمی شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی ئەهواز(باشووری رۆژاوای ئێران) سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەممە گەیشتبوونە پارێزگای خوزستان، سەردانی بریندارانی ئەو تاوانەیان کرد لە نەخۆشخانەکانی شاری ئەهواز.

نوێنەرانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەو چاوپێکەوتنانەدا کە نوێنەری وەلی فەقی لە خوزستان و ژمارێک لە بەرپرسانی پارێزگاییش، هاوڕێی ئەوان بوون، وێڕای بەئاوات خواستنی چاکبوونەوەی برینی بریندارانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە، لە ڕەوتی چارەسەریی ئەوان ئاگادار کرانەوە.

نوێنەرانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ دووشەممە هەروەها لە ڕێوڕەسمی بەڕێکران و بەخاک سپێردرانی تەرمی پاکی شەهیدانی پەلاماری تیرۆریستی لە ئەهواز، ئامادە بوون.

لە هەوڵی تیرۆریستیی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە لە پارکێک لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نمایشی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەهواز، تیرۆریستان تەقەیان لەخەڵکی تەماشاوانی نمایشە سەربازییەکە کرد کە بەهۆیەوە، بیست و پێنج کەس شەهید و زیاتر لە شەست کەسیش بریندار بوون.

بەبڵاوبوونەوەی هەندێ بەڵگەو سەنەد لە سەبەبکاربوونی داعش لە هەوڵە تیرۆریستییەکەی ئەهواز و ئەوەی کە تاقمی تیرۆریستیی "ئەلئەحوازیە" پێشتر بەرپرسایەتی ئەو پەلامارەی گرتەئەستۆ، تاوانە ئەنجامگرتووەکەی ئەهواز ئەنجامی "کردەی هاوبەشی داعش و تاقمی ڕەشەکوژی ئەلئەحوازیە" یە کە هەردوو ڕەوتەکە سەر بە عەرەبستانن.