ئه‌یلوول 25, 2018 16:18 Asia/Tehran
  • سپای پاسداران : دەسەڵاتی بەردەستانەی ئێران دەسکەوتی هەشت ساڵ بەرەڤانیی پیرۆزە

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەمیانەی ڕاگەیەندراوێک دا وێڕای ڕێزگرتن لە سی و هەشتەمین ساڵوەگەڕی بەرەڤانیی پیرۆز، باڵادەستی بەرگریی و دەسەڵاتی تایبەت و شازی بەردەستانەی ئەمڕۆی ئێرانی بە بەرهەمی خۆڕاگری و وانەفێربوون لە هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز ڕاگەیاند.

بەپێی راپۆری ئەمڕۆ سێ شەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، لە بەیاننامەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا هاتووە، شەڕی سەپێندراوی رژیمی بەعسی عێراق بەسەر ئێراندا، کرا بە هەلێکی مێژوویی بۆ بەرهەم هێنانی باڵادەستی و بڕوابەخۆیی نیشتمانی و ڕەخسانی بەستێنی جێ متمانە و دڵنیاکەری گەشەو پێشکەوتن و گەیشتن بە لوتکە شازە جیهانییەکان.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەو بەیاننامەدا، هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز و خۆڕاگریی گەلی ئێرانی بە مۆدێل و سەرچەشنی ئەمڕۆی کۆمەڵگاو نەتەوە هەقخوازەکان و دوژمنی زاڵێتی خوازیی ڕاگەیاندو پێی داگرت: سەرچەشنەی هەشت ساڵ بەرەڤانیی پیرۆز، نموونە نوێیەکانی دەسەڵات و کارتێکەریی لەسەر گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی موسڵمانانی ناوچە بەسەر تیرۆریزمی تەکفیری و شەڕە بەوەکالەتەکانی زلهێزانی ئیستکباری و کۆنەپەرستی ناوچە، ئاشکرا کرد.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا بەئاماژە بە هەوڵە تیرۆریستییەکەی شاری ئەهواز لە باشووری ڕۆژاوای ئێران کە شەهیدبوونی بیست و پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە شەست کەسی لێکەوتوتەوە، هاتووە: ئامادەبوونی پڕشکۆ و بەمانای چین و توێژە جیاجیاکانی جەماوەر لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپێردرانی شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییە، وەڵامێکی پتەو بوو بە تیرۆریستان ولایەنگرانی ئەوان کە بوو بەهۆی قووڵبوونەوەی یەکڕیزی و یەکپارچەیی ئێرانییان و بەرزبوونەوەی ورەی خۆڕاگری و دوژمنیی لەگەڵ ئیستکبار و تیرۆریزمی ئەمریکی-زایۆنی و وەهابی.

بیست و دووی سیپتەمبەر ڕێکەوتە لەگەڵ دەسپێکی شەڕی سەپێندراوی رژیمی بەعسی ئێراق بەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سوپای دەسدرێژکاری رژیمی سەددام(دیکتاتۆری لەناوبراوی ئێراق) ٣١ی خەرمانانی ساڵی١٣٥٩(سیپتەمبەری١٩٨٠) بەو خەونەی کە لەماوەی حەوتەیەکدا تاران دەگرێتەوە، هێرشێکی بەرفراوانی بەدەکارگرتنی چەشنی جۆراوجۆری چەکئامێر بۆسەر ئێران دەس پێ کرد.

سی و یەکی خەرمانان لە ڕۆژهەژمێری بۆنەکانی ئێران، دەسپێکی حەوتەی بەرەڤانیی پیرۆزە.