ئه‌یلوول 26, 2018 08:32 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: سیاسەتی هەڵەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران هەر شکست دێنێ

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە حەفتا و سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بە ئاماژە بەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەسکەوتی زیاتر لە یەک دەیە هەوڵی دیپلۆماتیک و خولێک دانوستانی چڕ و پڕ بۆ چارەسەر کردنی قەیرانێکی ساختە بوو، راشکاوانە ڕایگەیاند: ئەمریکا بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، لە ڕێککەوتنێکی چەن لایەنەی پەسەن کراوی ئەنجومەنی ئاسایش چۆتە دەرەوە.

بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ "حەسەن رۆحانی" بۆچوونی ئەمریکا سەبارەت بە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بە بۆچوونێکی زاڵێتی خوازانە هێنایە ئەژمار و جەختی کرد: نەتەوە یەکگرتووەکان نابێ ڕێگا بدات پەسەن کراوەکانی، ببێتە بارمتەی یارییە هەڵبژرادەیی و پڕوپاگەندەییەکانی ژمارێک لە ئەندامانی.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە ئاکامدا هەر شکست دێنی، راشکاوانە ڕایگەیاند؛ ستراتژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەوەیی بەردەوام لە سەر بنەمای چەن لایەنەخوازی و پێبەندی بە یاسا و ڕێسا و پرەنسیپە ناسراوە نیودەوڵەتییەکان بووە.

ڕۆحانی  ئاماژەیشی کردە ژستی پڕوپاگەندەیی کاربەدەستانی ئەمریکایی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێران و وتی: ئێران بە چ پێوەرێک دەتوانێ لەگەڵ دەوڵەتی بەڵێنشکێنی ئەمریکا، پەیمانێکی تازە ببەستێ.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ هەرچەشنە وتووێژ دەبێ لە ئاراستەی پارێزرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسیشدا بێ، نە بە پێچەوانەی و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو کە ئەوە ئیرتیجاعێکی گەورەیە.

ڕۆحانی سیاسەتی ئێرانی بە نە شەڕ، نە بایکۆت، نە هەڕەشە، نە زۆربێژی؛ بەس هەر پێبەند بوون بە وادە و بەڵێن و بەجێ هێنانی یاسا و ڕێساکان ڕاگەیاند و وتی: ئێران پشتیوانی دەکات لە ئاشتی و دیموکراسی لە سەرانسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

ڕۆحانی ئاماژەیشی کردە خەباتی ئێران دژ بە تیرۆریزم لە ناوچەکەیشدا و وتی؛ ئێرانییەکان وەکوو قوربانیانی دوێنی و ئەمڕۆی تیرۆریزم بەردەوام لە بەرەی پێشەوەی خەباتی دژ بە تیرۆریزم بوون و دەبن.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران راشیگەیاند گەلی ئێران ئەمڕۆ تازیەباری شەهید بوونی دەیان مرۆڤی بێ تاوانە کە ڕۆژی شەممە لە لایەن تیرۆریستانێکەوە لە خاک و خوێن گەوزێندران کە لەوپەڕی بێ شەرمییەوە لە ژمارێک پێتەختی ڕۆژاوایی و لە وتووێژ لەو مێدیا ڕۆژاواییانەی کە بە دۆلاری نەوتی دەسوڕێن، بەرپرسایەتی ئەو دڕندەکارییەیان گرتە ئەستۆ.

ڕۆحانی هەروەها پەرە سەندنی پێوەندی لەگەڵ دراوسێکان و بەدیهێنانی ناوچەیەکی ئەمنتر و گەشەپێدراوتری بە ئەولەوییەتی سەرەکی سیاسەتی دەروەی ئێران هێنایە ئەژمار و جەختی کرد؛ ئێران ڕوانگەیەکی ئاشتیخوازانەی بەرامبەر بە پرسە نێودەوڵەتییەکان هەبووە و بەنیازی شەڕ دژ بە هیچ وڵاتێک نەبووە و نابێ.

ڕۆحانی ئێرانی نە لە بواری سیاسەتەوە بەڵکوو لە بواری کولتوور و ژیارەوە بە ئیمپەراتورێک وەسف کرد  و ڕوو لە سەرانی وڵاتانی جیهان جەختی کرد: جیهان، دۆست و هاوڕێیەکی باشتر لە ئێرانی بۆ نابێ، ئەگەر ئامانجی ئێوە ئاشتییە.

سەرپەیڤ