ئه‌یلوول 26, 2018 11:20 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی لە دیداری مەکرۆن: چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نایاساییە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی سێشەممە لە دیداری "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە نیۆیۆرک، چونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا و پرەنسیپەکانی جیهان زانی و جەختی کرد لە سەر پێویستیی هەوڵی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکلایەنە خوازی و پێویستیی پارێزرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.

"حەسەن ڕۆحانی" هەرەها تیرۆریزمی بە مەترسییەکی گەورە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی هێنایە ئەژمار و پەرە سەندنی پێوەندی و هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵاتی بۆ خەباتی هەمەلایەنەی دژ بە تیرۆریزم لە ناوچە و جیهان بە گەلێک گرینگ نرخاند.

"ئیمانۆئێل مەکرۆن"یش لەم دیدارەدا بە هاوخەمی دەربڕین و سەرەخۆشی کردن بە بۆنەی شەهید بوونی ژمارێک هاووڵاتی ئێرانی لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی ئەهواز (باشووری ڕۆژاوای ئێران) ، جەختی کرد لە سەر هەوڵی فەرەنسا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا تەعامول و وتووێژ لەگەڵ ئێرانی وەکوو گرینگترین وڵاتی کارتێکەر لە ناوچەکە لە ڕێگای خەباتی دژ بە تیرۆریزمی جیهانی بە گرینگ زانی و وتی: دەبێ هەوڵ بدەین بە پەرەپێدرانی هاوکارییەکان بەرامبەر بە تیرۆریزم و یەکلایەنەخوازی لە جیهان راوەستین.

"ڕۆحانی" و مەکرۆن" لەم دیدارەدا هەروەها بە پێداگری لە سەر پێویستیی هەوڵ بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان و بەرز کردنەوەی ئاستیی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و فەرەنسا لە بەشی جۆربەجۆر لەوان بازرگانی، ئابووری، ئاڵ و وێری دراوی و وزە، راشکاوانە ڕایگەیاند؛ هیچ لەمپەرێک نییە لە سەر ڕێگای پەرەپێدران و قووڵتر کردنی هاوکارییەکانی دوو وڵات.