ئه‌یلوول 26, 2018 13:46 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی لە دیداری سەرۆک وەزیرانی بەلژیک: پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرپرسایەتییەکی نێودەوڵەتییە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی سێشەممە لە دیداری "شارل میشێل" Charles Michel سەرۆک وەزیرانی بەلژیک لە نیۆیۆرک بە ئاماژە بەوەی کە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرپرسایەتییەکی نیودەوڵەتییە، راشیگەیاند یەکێتیی ئەورووپا لە هەمبەر تاقیکردنەوەیەکی گەورە نەک هەر بەرامبەر بە ئێران بەڵکوو بەرامبەر بە هەموو جیهاندایە.

"حەسەن ڕۆحانی" هەڵوێستی سیاسی و پڕوپاگەندەیی ئەورووپا لە هەمبەر چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە باش هەڵسەنگاند بەڵام جەختیشی کرد کە ئێران خوازیاری هەنگاوی بە کردەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بواری پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدایە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی کردە راپۆرتە جۆربەجۆرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و وتیشی؛ هەموان چاوەڕێی ئەوەن ئەورووپا بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بە کردەوە جێبەجێ بکات.

سەرۆک وەزیرانی بەلژیکیش لەو دیدارەدا بە پێداگری لە سەر ویست و ورەی بەرزی وڵاتەکەی بۆ گەشەپێدان و قووڵتر کردنەوەی پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ ئێران وتی: بەلژیک ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران داوە و هەرگیز درێخی ناکات.

"شارل میشێل" بە ئاماژە بەوەی کە پاش شەڕی جیهانی دووەم بێ وینەیە کە ئەورووپا لەگەڵ ڕووسیا و چین بۆ پاراستنی  ڕێککەوتنی ئەتۆمی یەکدەنگ و یەکگرتوو بووبێ، ڕاشیگەیاند: وێڕای گوشاری سیاسی و ئابووریی ئەمریکا، ئامانجی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە میکانیزمێکی نوێی دراوی بۆ بەهێزتر کردنی پێوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران وەڕێ بخات.