ئه‌یلوول 27, 2018 08:41 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئێران لە پەرە سەندنی ھەمەلایەنەی ھاوکاری لەگەڵ ڤێنزۆئیلا پێشوازی دەکات

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: ئەمڕۆ گەورەترین ئەرکی بەرپرسانی ئێران و ڤێنزۆئیلا، ھەوڵی چەند ھێندەیە بۆ پەرە پێ دانی ھاوکارییەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و ھێزمەند کردنی ئابووریی دوو وڵات.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری نیکۆلاس مادێرۆ سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئیلا لە نیۆیۆرک، وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندییە ھەرە باشەکانی تاران و کاراکاس، وتی: جەماوەری ئێران و ڤێنزۆئیلا بە شێوەی بەردەوام کەوتوونەتە بەر بایکۆت و شاڵاوی ئەمریکا.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئەمریکییەکان ھەم بۆ دانوستان بانگێشتن دەکەن و ھەم بەنیازی ڕوخاندنی حکومەتی ئێرانن و پێیان وایە ئەگەر گوشار بخەنە سەر خەڵک بەو ئامانجەی خۆیان دەگەن، کەچی نازانن حکومەتێک کە پشتگریی جەماوەریی ھەبێت، لە بەرامبەر ھەڕەشەو گوڕەشەدا بە چۆک دا نایەت.

ڕۆحانی وتیشی: ئەمڕۆکە وڵاتانی سەربەخۆ دەبێت بە پەرە پێ دانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەو خۆڕاگرتن لە بەرامبەر زێدەخوازیی دوژمنان پێیان بسەلمێنن کە ئەو ڕێگایەی وا لەبەریان گرتووە ھەڵەیە.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان شکستێکی تازەی لە چوارچێوەی ھەنگاوە نایاساییەکانی تاقی کردەوەو تەواوی وڵاتان پشتیوانییان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام کرد، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرەپێ دانی ھەمەلایەنەی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ئەمریکای لاتین بە تایبەتی ڤێنزۆئیلا پێشوازیی دەکات.

نیکۆلاس مادێرۆ سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئیلا ش لەم دیدارەدا وێڕای سەرەخۆشی کردن و دەربڕینی ڤاودەردیی دەوڵەت و  گەلی ڤێنزۆئیلا لەگەڵ  جەماوەری ئێران دوابەدوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ئەھواز، وتی: دوژمنان بەنیازن بە کەڵک وەرگرتن لە تیرۆریزم بە سەر بەرژەوەندیی گەلاندا زاڵ ببن کە دیارە دەبێ لە بەرامبەریاندا خۆڕاگری بکرێت.

نیکۆلاس مادێرۆ سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئیلا  وتیشی: پەرە سەندنی پەیوەندی و ھاوکاریی ھەمەلایەنە لەنێوان وڵاتانی سەربەخۆی وەک ئێران و ڤێنزۆئیلا دەبێتە ھۆی شکست ھێنانی دوژمنان و بە قازانجی ھەردووک نەتەوەکە دەبێت.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ بەشداری کردن لە حەفتاوسێھەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی یەکشەممە گەییشتە نیۆیۆرک و لە پەراوێزی دانیشتنەکەدا لە گەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی جۆربەجۆری ئەورووپی و ئەمریکی و ئاسیایی ئیدارو وتووێژی کرد.

 

سەرپەیڤ