ئه‌یلوول 27, 2018 09:42 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی لە پرێس کۆنفرانسەکەی دا: کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشت ئەوەی دەرخست کە ئەمریکا تەنیایە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند:کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە سەرۆکایەتیی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش ئەوەی دەرخست کە ئەمریکا تەنیایەو تەواوی وڵاتان پشتگری لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دەکەن و بە شێوەیەکی پاڵەکیانەو یان ڕاشکاوانە ئەو ھەنگاوانەی ئەمریکا بە ھەڵەو نادروست دەزانن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی خۆجێیی و لە پەراوێزی دانیشتنی ساڵانەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ میدیاکانی بیانی پێی داگرت: گرینگترین بابەت لە بارەی پرسە ناوچەیی و نێونەتەوەکانەوە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو، کشانەوەی یەک لایەنەو نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنێکی چەند لایەنەو جێی پەسەندنی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بووە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ئەربڕینی ئەمەی کە زۆربەی سەرکردەو بەرپرسانی وڵاتانی جیھان، مانەوەی تاران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام بە نیشانەی تەگبیری دەوڵەتی ئێران دەزانن، وتیشی: لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان زۆرینەی ڕەھای سەرکردەو ڕێبەرانی وڵاتانی جیھان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وەکوو دەستھاتێکی دیپلۆماسی پشتگرییان کرد.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئەمریکا لەو ھەنگاوەی دژی ئێران بە تاقی تەنیا ماوەتەوەو کشانەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام جێگای پەسەندی وڵاتانی جیھان نییەو چەند وڵاتێک نەبێت، ئیدی تەواوی وڵاتان ئەو ھەنگاوەیان وەک ھەڵەیەکی گەورەی سیاسی لێکداوەتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەرنامەی موشەکیانەی ئێرانیش وتی: لە پرسی ڕێککەوتنی ناڤۆکی دا شتێک بەناوی موشەک لە ئارادا نییە، ئەگەر کەسێک بەنیازە بەڵێنەکانی پێشێل بکات، ھۆکارەکەی بۆ ئاوا پەڵپ و بیانوویەک نەبەستێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاماژەی کردە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چوار کۆیەک و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە نیۆیۆرکیش و وتی: بەیاننامەکەی ئەو دانیشتنە ئەوەی دەرخست کە ئەورووپاو چین و ڕووسیا بەنیازی پتەوکردنەوەی بنج و بناوانی ڕێککەتنی ناڤۆکیی بەرجامن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەبارەت بە ئامادە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریاش وتی: ئەمریکا بە پێچەوانەی داب و نەریتە نێونەتەوەییەکان ھاتووەتە سووریاو دەوڵەتی سووریاش ئەم ئامادە بوونەی ڕەت کردووەتەوەو ھەر لە بەر ئەمەش ئامادە بوونی ئەمریکا لە سووریا نایاساییە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئێران بە نیازی پێکدادان لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکادا نییە لە ھیچ کوێی ناوچەکەدا،جەختی کرد: ئەمریکا دەبێ ڕێز لە یاساو سەروەریی نیشتیمانیی وڵاتان بگرێت و ڕەچاویان بکات.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا لە بارەی ڕۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەکەدا وتی: حیزبوڵڵای لوبنان ھەر ئەو لایەنەیە کە تیرۆریستانی داعشی لەو وڵاتە دەرپەڕاند و جەماوەری لوبنان قەدرزانی ئەو ئاسایشتە تازەیان کە بۆیان مسۆگەر کراوە.

ڕۆحانی ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە: حیزبوڵڵای لوبنان لە تەنیشتی جەماوەری سووریا، داعشی لە پتر لە سەدی ٩٧ی خاکی سووریا وەدەرناوەو ئەوانەی وا دژی تیرۆریزم خمەبات دەکەن جێ و شوێنێکی دیکەیان ھەیە و تیرۆریستان دیارین کە کامانەن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە بارەی کێشەی فەلەستینیشەوە وتی: کێشەی فەلەستین بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە لە ناوچەکەدا و زۆرێک لەو پرسانەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا ھەن، سەرچاوەکەیان ھەر بۆ کێشەی داگیرکرانی فەلەستین دەگەڕێتەوە.

ڕۆحانی پێشی داگرت: ئەگەر حەفتا ساڵ لەمەوپێش ئەم ڕووداوە نەدەقەوماو سەرزەوینی فەلەستین لە لایەن گروپێک بە ناوی زایونییەکانەوە داگیر نەئەکرا، ئەمڕۆ ناوچەکە ڕەوشتێکی دیکەی ھەبوو.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  وتیشی: ئێران ھەر لە سەرەتاوە پاڵپشتی فەلەستین بووەو ھەشەو ھەموو ساڵێکیش ڕۆزێک لەم ناوەوە ناودێری کراوەو جەماوەری سەرتاسەری ئێران ڕێپێوان بەڕێوە دەبەن و لە زۆر بواردا ئێران یارمەتیی مەعنەوی و مادیی گەلی فەلەستین دەدات.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ بەشداری کردن لە حەفتاوسێھەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی یەکشەممە گەییشتە نیۆیۆرک.

سەرپەیڤ