تشرینی یه‌که‌م 01, 2018 16:18 Asia/Tehran
  • قاسمی: هەڵوێستی ئوروپا ، دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەئاراستەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەڵوێستەکانی ئێران و ئوروپا لەمەڕ دابینکرانی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لێک نزیکە.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لەپرێس کۆنفرانسی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی ڕێککەوتنی ئێران و ئوروپا لەمەڕ درێژەی هاوکارییەکان لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: پاش هاتووچۆی زۆر و پرس و خواسی فرە بۆ وێنە، دانیشتنی نیۆیۆرک لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و گرووپی چوارکۆیەک بڕیاردرا هاوکارییەکان لەبارودۆخی نوێدا بەردەوام بکرێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: لەبەر هەلومەرجی تایبەت کە ئەمریکا بەسەر وڵاتانی دەسەپێنێ بۆ پێش گرتن بەهاوکاریی ئابووریی لەگەڵ ئێران و بۆئەو مەبەستە کات و باجی زۆر دەدا، دانوستانی ئێران و یەکێتی ئوروپاو میکانیزمی داڕێژراو لەبەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئەو دوژمنانەی لەوناوەدا لەهەوڵی شێواندن و تێکدانی پەیوەندیی و هاتنەدی میکانیزمێکن کە دەتوانێ بۆشایی تەگەرەنانەوەکانی ئەمریکا پڕبکاتەوە، ئەو پرسە ئاشکرا نەبووەو ناشبێ.

قاسمی هەروەها لەبارەی لێدوانەکانی "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لەمەڕ ڕێککەوتنی نەوتیی نوێ لەگەڵ ئوروپا وتی: بێگومان پرسی نەوت لەهەمبەر خۆراک یان هەر لێکدانەوەیەکی دیکەی هاوشێوەی ئەوە ڕاست نییەو ئێران لەهەوڵی هاوکاری لەگەڵ یەکێتی ئووپا، چین و ڕووسیا لەئاراستەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دایە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی توئیتەکەی زەریف لەمەڕ ئەوەی کە ئەگەر میکانیزمی یەکێتی ئوروپا کاریگەر نەبێ ، کۆماری ئیسلامی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەچێتەدەر، وتی: ئەگەر بەهەر هۆیەک یەکێتی ئوروپاو هاوبەشانی دیکەی دەستەبەریی پێویست نەدەن بە ئێران، ئەو پرسە دەتوانێ کاریگەر بێ لەسەر بڕیاری کۆماری ئیسلامی و ئێران ڕێگایەکی دیکە کە لەقازانجی وڵاتەکەیدا بێ، دەگرێتەبەر.

قاسمی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری سەحەریش لەبارەی لێدوانی "سێرگئی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پرێس کۆنفرانسی پاش وتاردانی لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەمەڕ ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ ناوبژیوانی لەنێوان ئێران و رژیمی زایۆنی وتی: هەمووان دەزانن کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لەبارەی رژیمی ناڕەوای ئیسرائیل چییە، ئێران ئەو رژیمە زایۆنییە بەڕەسمی ناناسێ و قەت ناوبژیوانی لەوبارەوە قەبووڵ ناکا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدرێژەی قسەکانیدا جارێکی دیکە ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ئەهوازی شەرمەزار کرد و وتی: پرسی تیرۆریزم پێویستی بەکۆدەنگییەک و هەوڵدانێکی جیهانی هەیەو هەموو وڵاتان دەبێ لێبڕاوانە بەرەوڕووی ئەو دیاردە نگریسە ببنەوە.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هیوای خواست: دۆلارە نەوتییەکان و کەینوبەینە سیاسی و ئابورییەکانی ژمارێک وڵات لەگەڵ ناوەندەکانی پیلانگێڕیی و پەروەردەکردنی تیرۆریزم و بەرهەم هێنانی ئەو بیرکردنەوەیە، ڕێگر نەبن لەبەردەم بەرەنگاربوونەوەی جیددی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ پرسی تیرۆریزمدا.

 

سەرپەیڤ