تشرینی یه‌که‌م 14, 2018 08:56 Asia/Tehran
  • باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێران: پێبەند بوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بنەمای پێوەندییەکانی لەندەن و تارانە

باڵیۆزی بەریتانیالە ئێران ڕۆژی شەممە وتی؛ پێبەند بوون بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران) وەکوو پەیمانێکی نێودەوڵەتی بنەما و بنچینەی پێوەندییەکانی نێوان لەندەن و تارانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "ڕاب مەکەیر" Rob Macaire لە دیداری "ئیسماعیل تەبادار" پارێزگاری پارێزگای فارس لە شیراز (باشووری ئێران) وتیشی: بەریتانیا هەوڵ دەدات ئێران بتوانێ سوود ببات لە قازانج و تایبەتمەندییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لە بواری ئابوورییەوە.

"ئیسماعیل تەبادار"یش لەو دیدارەدا بە خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپایی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: بێگومان بەڵێنشکێنیی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە مێژوودا تۆمار دەکرێ و هەر دەمێنێتەوە.

تەبادار بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خوازیاری پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەوان بەریتانیا بووە، وتیشی: تاران چاوەڕێی ئەوە دەکات وڵاتانی ئەورووپایش پێبەند بن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران وەکوو پەیمانێکی نێودەوڵەتی لە هەموو بوار و ڕەهەندێکەوە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٨ی مانگی مەی بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد؛ ئەو کردەوە یەکلایەنەی ئەمریکا لە کاتێکدا بوو کە پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان داکۆکی و پشتیوانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندووە.

هەر لەم ئاراستەیەدا؛ ئێران و ئەورووپا لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا وتووێژ و دانوستانی زۆریان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری ئەمریکا لەو پەیمانە نێودەوڵەتییە ئەنجام داوە؛ ئەورووپا لەو دانوستانانە بەڵێنمەند بووە بەوەی کە هەگبەیەکی داکۆکی لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بۆ بەرەنگاربوونەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران، ئاراستەی تاران بکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کردووە چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەو هەگبە پێشنیارییە لە لایەن وڵاتانی ئەورووپاییەوە، مافە ڕەواکانی گەلی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستەبەر بکات.

 

سەرپەیڤ