تشرینی یه‌که‌م 15, 2018 18:32 Asia/Tehran
  • سەروتاری هاوبەشی رۆژنامەکانی ئێران ڕوو لە ڕۆژنامەگەرانی جیهان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

چەند رۆژنامەی ئێرانی، دەقێکیان لەژێر ناوی "بەرەڤانی لە ئازادی" وەک سەر وتاری هاوبەشی ئەمڕۆ دووشەممەی خۆیان بڵاو کردەوە.

رۆژنامەکانی ئیتلاعات، ئێران، هەمشەهری، شەهروەند، سازەندگی، ئیبتکار، فورسەتی ئەمڕۆ و بەهار لەو سەروتارە هاوبەشەدا، بەپێداگری لەسەر پێویستی گرینگیدانی جیهان بە شوێنهاتەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، ڕایانگەیاند: چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕەفتارێکی نادیپلۆماتیک و نائەخلاقی و سەپاندنی ئابلۆقەی زاڵمانە بەسەر گەلی ئێران، کردەیەکی دوژمنکارانە، بڕواپێ نەکراو و لەدژ بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانە.

لەو سەروتارەدا هاتووە: دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا جگە لە بایکۆت کردنی گەلی ئێران، هەڕەشەی سزادانی لە گەلانی دیکە کردووە گەر مامەڵە و ئاڵووێر بکەن لەگەڵ ئێراندا کە ئەوەش دەبێتە مایەی سەندرانەوەی "مافی ئازادیی سوود وەرگرتن لە مامەڵەو ئالووێرکردن".

رۆژنامەوانانی ئێرانی هەروەها لە سەروتارە هاوبەشەکەیان بەئاماژە بەدەنگی دیوانی نێونەتەوەیی دادەوانی بە قازانجی ئێران، ڕایانگەیاند: دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی لەجیاتی خستنەڕووی ڕاستیەکان ، هەڕەشەی بایکۆت دەکەن لە  داوەران و بەرپرسانی ئەو دیوانە.

لە درێژەی سەروتارە هاوبەشەکانی رۆژنامەوانانی ئێرانیدا هاتووە: هەر بەو جۆرەی کە خەڵکانی جیهان، لە سوود و قازانجی بێ بڕانەوەی ئەندێشەی حەکیمان و زانستی زانستوەرانی مەزنی ئێرانی بۆ وێنە، بووعەلی سینا، خارەزمی، خەییام، رازی، سەعدی و مەولانا کەڵک وەردەگرن، ئەمڕۆ مافی سوود وەرگرتن لە زانستی مرۆیی بۆ خەڵکی ئێران، وەک نەتەوەکانی دیکەی جیهان، پارێزراوەو هیچ حکومەتێک مافی ئەوەی نییە بەبیانووی پڕووپووچ ئەو مافە لە خەڵکی ئێران بسێنێ.

رۆژنامەوانانی ئێرانی لەو سەروتارە هاوبەشەیاندا، داوایان کرد لە گشت هاوکارانی ئازادئەندێشیان لە سەرانسەری جیهاندا، بوێرانەو نەترسانەو بێ ئەوەی بکەونە بن کارتێکەریی دەوڵەتان، لەهەمبەر خەوشدارکردنی پرەنسیپ و بنەماکانی ئازادیی مرۆیی بێ دەنگ نەبن.

سەرپەیڤ