تشرینی یه‌که‌م 17, 2018 08:11 Asia/Tehran
  • ئامادە بوونی ئێران بۆ ئەنجام دانی ھەڵمەتی ھاوبەش لەگەڵ سوپای پاکستان دژی تیرۆریستان

فەرماندەری ھێزی زەوینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە ڕفێندرانی کۆمەڵێک لە ھێزەکانی ئێران لە ناوچەی سەرسنووریی میرجاوەی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران، وتی: ئێران بۆ ھەرچەشنە ھەڵمەتێکی ھاوبەش لەگەڵ سوپای پاکستان دژی یاخی بووان و ڕزگارکردنی بارمتەکان ئامادەیە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵێک لە بەسیجییە خۆجێییەکان و ھێزەکانی ھەنگی سەرسنوور کە بنکەی چاودێریی ناوچەی سەرسنووریی میرجاوەی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران سەقامیان گرتبوو، لە لایەن تاقمەکانی دژی شۆڕشەوە ڕفێندران.

سەرداری سەرتیپ موحەممەد پاکپور فەرماندەری ھێزی زەوینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، بە دەربڕینی ئەمەی کە تیرۆریستان لەنێو خاکی پاکستان بنکەو مۆڵگەیان ھەیە، وتیشی: لە پەیوەندییەک دا لەگەڵ سوپای پاکستان داوایان لێ کرا سەبارەت بە ڕادەست کردنی یاخی بووان و تەندروستیی ڕفێندراوان گەرەنتییەک بدەن و سوپای پاکستان دەبێ لەم بوارەدا بەرپرسایەتیی قەبووڵ کات.

سەرتیپ پاکپور وتیشی: تیرۆریستان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو گەلێک جار لە نێو خاکی پەکستانەوە ھێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەرسنوورییەکانی ئێران.

ھەر لەم حاڵەدا موحەممەد فەیسەڵ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە ڕفێندرانی سنوورپارێزەکانی ئێران لە سنووری میرجاوە، پێی داگرت: سوپاکانی ئێران و پاکستان خەریکی بەدوادا چوون و ھاوکارین لەم پەیوەندییەدا.

موحەممەد فەیسەڵ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان  وتیشی: دەوڵەتی پاکستان لە ھیچ ھەوڵێک بۆ یارمەتیی ئێران خەمساردی نانوێنێ.

 

سەرپەیڤ