تشرینی یه‌که‌م 17, 2018 18:21 Asia/Tehran
  • پێداگریی ئێران و ئێراق لەسەر هاوکاریی هاوبەش لەمەڕ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەربەعینی حوسێنی

فەرماندەری هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزیری ناوخۆی ئێراق جەختیان کرد لەسەر بەهێزکرانی هاوکارییە هاوبەشەکان بۆ خزمەت گوزاریی و ئاسانکردنەوەی ڕەوتی هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعینی حوسێنی.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی پۆلیس، سەرتیپ حوسێن ئەشتەری فەرماندەری هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ "قاسم ئەعرەجی" وەزیری ناوخۆی ئێراق باسی ئامادەیی ئێرانی کرد بۆ خزمەت گوزاریی شیاو بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعینی حوسێنی.

وەزیری ناوخۆی ئێراقیش وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێنانەدی نەزم و تەکوزیی و ئاسایش لە سنوورە هاوبەشەکان، وتی: ڕەوتی حکومەتی ئێراق ، تەعامول وهاریکاریی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران و خزمەت گەیاندنی شیاو بە زیارەتکارانی ئەربەعینی حوسێنییە.

وەزیری ناوخۆی ئێراق وتی: ئەندامانی کۆمیتەی هاوبەشی ئێران وئێراق بۆ چارەسەریی گرفتی زیارەتکاران و ئاسانکاریی بۆ هاتووچۆی ئەوان شێلگیرانە هەوڵ دەدەن.

بیستی سەفەری١٤٤٠ی کۆچی مانگی(٣٠ی ئۆکتۆبری٢٠١٨) ئەربەعینی شەهادەتی حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع)-ئیمامی سێهەمی شیعەکانی جیهان و یارانی بەئەمەگی بەڕێزیان لە سارای کەربەلایە؛ بەملوێنان زیارەتکار لەسەرانسەری جیهان لەو رۆژەدا بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ئەربەعینی حوسێنی(ع) بەرەو کەربەلا دەکەونەڕێ.

بەپێی ئاماری فەرمیی سەرچاوە ئێراقییەکان نزیک بە١٤ملوێن زیارەتکار لە ڕێپێوانی مەزنی زیارەتی ئەربەعینی ساڵی ڕابردوو بەشدار بوون کە زیاتر لە دوو ملوێن کەسیان لەئێرانەوە هاتبوون.