تشرینی یه‌که‌م 18, 2018 12:22 Asia/Tehran
  • داخوازیی ئێران لە پاکستان بۆ ڕزگارکردنی بارمتە ئێرانییەکان

وەزیری نێوخۆی ئێران ڕوو لە وەزیری نێوخۆی پاکستان پێی داگرت: ھەموو ھەوڵ و چالاکییەک دەبێ بۆ ڕزگار کردنی بارمتە ئێرانییەکان چڕ بکرێتەوە.

عەبدوڕڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی وەزیری نێوخۆی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە نامەیەک دا بۆ شەھریار ئافەریدی وەزیری نێوخۆی پاکستان، وێڕای ئاماژە کردن بە ڕفێندرانی چواردە کەس لە سنوورپارێزەکانی ئێران لە لایەن یاخی بووە تیرۆریستەکانەوە، داوای گرینگایەتی دان و چڕبوونەوەی تایبەتیی دەوڵەتی پاکستان لە سەر ئەرکە ئاسایشتییەکانی خۆی لەمەڕ پێشگرتن بە جوڵانەوەو ھێرشی یاخی بووان لە خاکی ئەو وڵاتەوە دژی بازگە سەربازییەکان و بەزاندنی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد.

وەزیری نێوخۆی ئێران لەو نامەیەی دا وێڕای جەخت کردن لە سەر ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڵنیاییەوە تاقمە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان و یاخی بووان دەمکوت دەکات،وتیشی:ھەموو ھەوڵ و چالاکییەک دەبێ بۆ ڕزگار کردنی بارمتە ئێرانییەکان، بەرنگاربوونەوەی لێبڕاوانەی تیرۆریستان و پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی ئاوا جوڵانەوەگەلێکی تاڵ و ناخۆش چڕ بکرێتەوە.

عەبدوڕڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی وەزیری نێوخۆی ئێران پێشی داگرت: لە چوارچێوەی پەیوەندیی دوو قۆڵی و بنەمای دابی دراوسێتی و ھەروەھا بەڵێنە ئاسایشتییەکانی نێوان ئێران و پاکستان، واھەڵدەگرێت کە دەستبەجێ ھەڵمەتێکی ھاوبەش ئەنجام بگرێت بۆ گەییشتن بە ئاکامی پێویست.

جێگای ئاماژەیە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵێک لە بەسیجییە خۆجێییەکان و ھێزەکانی ھەنگی سەرسنوور کە بنکەی چاودێریی ناوچەی سەرسنووریی میرجاوەی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران سەقامیان گرتبوو، لە لایەن تاقمەکانی دژی شۆڕشەوە ڕفێندران.

سەرپەیڤ