تشرینی یه‌که‌م 19, 2018 09:35 Asia/Tehran
  • سترۆ: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران هەڵەیە

"جەک سترۆ" وەزیری دەرەوەی پێشووتری بەریتانیا - سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هەڵە زانی و خوازیاری گۆڕدرانی ئەم سیاسەتە لە لایەن واشینگتۆنەوە بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "جەک سترۆ" ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی "ئاسۆ و گەشەی پێوەندییەکانی بازرگانی بەریتانیا و ئێران" لە لەندەن، چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سەر لە نوێ داسەپاندنی بایکۆتەکان دژ بە ئێرانی دایە بەر ڕەخنە و گازندەوە و وتیشی: دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ" بە بێ داکۆکی ئەورووپا توانای جێبەجێ کردنی بایکۆتەکانی دژه بە ئێران نابێ.

سترۆ بە ئاماژە بە پێبەندیی ئێران بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆتە هۆی دابەزینی پلە و پێگەی ئەمریکا.

"تورمەن لامۆنت" نێردراوی تایبەتی دەوڵەتی بەریتانیا لە کاروباری بازرگانی لەگەڵ ئێرانیش لەو کۆبوونەوەیدا، چونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانی بە هەنگاوێکی بە هەڵە زانی و وتی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ بەریتانیا گەلێک پڕبایەخە و هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی.

کۆبوونەوەی "ئاسۆ و گەشەی پێوەندیی بازرگانی بەریتانیا و ئێران" پێنجشەممە بە بەشداری "حەمید بەعیدی نژاد" باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن، چالاکانی بواری ئابووری، سەرمایەدانەران و هۆگرانی بواری بازرگانی لەگەڵ ئێران بەێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک )ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد. ترەمپ راشیگەیاند کە هەموو بایکۆتە هەڵگیراوەکان لە ماوەی سێ تا شەش مانگ سەر لە نوێ دادەسپێنرێتەوە بە سەر ئێراندا. ئەو بڕیارەی ترەمپ بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.