تشرینی یه‌که‌م 23, 2018 10:43 Asia/Tehran
  • زەریف:

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئێران لە باروودۆخی هەنووکەیشدا توانای فرۆشتنی نەوتەکەی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەش دەتوانێ ئابوورییەکەی خۆی هەر بپارێزێ.

"محەممەد جەواد زەریف" لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ژاپۆنیی "کیۆدۆ" وتی: دەوڵەتی ئەمریکا دەتوانێ بە گەڕانەوە بۆ نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە بە شێوەی نایاسایی بەجێی هێشت و هەروەها بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بایکۆتانەی پاش چوونەدەری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە سەر ئێرانی داسەپاند، ڕێگا خۆش بکات بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەوەها بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا پێبەند نییە بە بەڵێن و ئەستۆگرییە یاساییەکانی، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بە داخەوە شێوازی هەڵس و کەوتی ئەمریکا بۆتە هۆی ئەوەی مەسەلەی دانوستان هەر لە بنەڕەتەوە بچێتە بن پرسیارەوە.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە بە پێی قازانج و بەرژەوندیی خۆی سەبارەت بە مانەوە یان چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بڕیار دەدات وتیشی: ئێران دەتوانێ زاڵ بێ بە سەر بایکۆتەکانی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بازرگانی کردن لەگەل ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: جگە لە سێ وڵاتی ئەورووپایی (ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا) وڵاتانی دیکە کە گرینگایەتییەکی زۆر دادەنێن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەوان ڕووسیا، چین و ژاپۆن ئامادەن تا لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەن.

سەرپەیڤ