تشرینی دووه‌م 20, 2018 14:16 Asia/Tehran
  • خەڕازی: پرۆسەی جێبەجێ کرانی مکانیزمی دراویی ئەورووپا هیوابڕاومان دەکات

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە پرۆسەی جێبەجی کرانی مێکانیزمی دراویی ئەورووپا هیوابڕاومان دەکات، وتیشی: کەمتەرخەمی و بێدەسەڵاتی ئەورووپا لە جێبەجێ کردنی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بە هیچ لەونێ پاسا نادرێتەوە و لای ئێمە قەبووڵ ناکرێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا؛ "سەید کەماڵ خەڕازی" سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئێران لە دیداری لێژنەیەکی پێکهاتوو لە کارناسانی بیرگەی "ناوەندی بێرتێلزمان"ی ئەڵمان لە تاران وتیشی: پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی  کاریگەریی دادەنێتە سەر ئاسایشی ناوچە و ئەورووپا، لەبەر ئەوەی کە ئاسایشی ئەرووپا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئاسایشی ڕۆژاوای ئاسیا.

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئێران بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە  ستراتژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە تەواو بەرگریکارانەیە، وتی: ئێران تورکیا و عەرەبستان سێ وڵاتی گرینگی ناوچەکەن و دەتوانن دورێکی راستەوخۆ لە گەیشتن بە مکانیزمی گەشەی ئاشتی و پاوەجێی ناوچەکەدا بگێڕن، بەڵام بەو مەرجەی کە کردەوەی خۆتێوەردەرانە و بشێوی نانەوە لە ناوچەکە کۆتایی بێت.

خەرازی بە ئاماەژ بەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا خوازیاری دامەزرانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا نییە وتیشی: ئەمریکا لە دووی کەلێن و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان وڵاتانی ناوچە و قۆستنەوەی ئەو هەلانەیە کە بە هۆی سەرهەڵدانی قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بۆی دەڕەخسێ.

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە قەیرانی یەمەنیش راشکاوانە ڕایگەیاند: کۆتایی هاتنی بۆردومانەکان لە یەمەن و بەڕێوەچونی دانوستانی نێوماڵی لە نێو لایەنە یەمەنییەکان تەنیا ڕێگاچارەی قەیرانی ئەم وڵاتەیە.

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران وتیشی: چارەسەر کرانی قەیرانی یەمەن دەتوانێ بوار خۆش کات بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان لە پێناو چارەسەر کردنی قەیرانەکانی دیکەی ناوچە.

سەرپەیڤ