تشرینی دووه‌م 21, 2018 07:45 Asia/Tehran
  • زەریف: بەیاننامەکەی ترەمپ لە بارەی کوژرانی خاشقچییەوە جێگای شەرمەزارییە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی چوارشەممە بەیاننامەکەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکای لە بارەی تیرۆری جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری سەعودیی بە جێگای شەرمەزاری زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە توییتێڕەکەی دا نووسی: ترەمپ لە ھەنگاوێکی سەیرو سەمەرەدا، یەکەم بڕگەی بەیاننامە پڕ لە شەرمەکەی خۆی لە بارەی دڕندەکارییەکانی ئالی سەعود تایبەت داوە بە تۆمەتبارکردنی ئێران بە ھەرجۆرە تاوانێک بە زەینی دا گەییشتووە. وادیارە بۆی ھەیە تاوانباری ئاگرکەوتنەوەکەی کەڵیفۆڕنیاش ھەر ئێران بێت، چونکو شەنی ھەڵنەگرتووەو یارمەتیی خاوێن کردنەوەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بدات.

بەشی دووھەمی توییتەکەی زەریف لە بارەی شەن ھەڵگرتنی ئێران و خاوێن کردنەوەی دارستانەکان دەگەڕێتەوە بۆ وتەکانی ئەم دواییەی ترەمپ سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی کەڵیفۆڕنیا کە لەگەڵ لاقرتی و پێ ڕابواردنی زۆردا بەرەوڕوو بووەوە.

ترەمپ کە پێڕاگەییشتنی نادروستی دارستانەکانی بە ھۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەم دواییەی کەڵیفۆڕنیای ئەمریکا زانیوە، لەم دواییەدا وتبووی «سائولی نینیستە» سەرۆک کۆماری فینلاند پێی وتووە کە فینلاندییەکان کاتێکی زۆر بۆ خاوێن کردنەوەی دارستانەکانی ئەو وڵاتە بە شەن تەرخان دەدەن.

ھەڵبەت سەرۆک کۆماری فینلاند ئەو قسانەی ترەمپی بەدرۆ خشتەوەو وتی: قەت لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکادا باسی شتی وام نەکردووە.

ترەمپ ئێوارەی سێ شەممە لە بەیاننامەیەک دا لە بارەی کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری سەعودیی لە باتی ئاماژە کردن بەو دڕندەکارییەی سەعودییەکان، وێڕای ڕەت کردنەوەی دەست ھەبوونی پاشمیرەکەی عەرەبستان لە کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسەدا، ئێرانی بە تێکدانی سەقامی ناوچەکە تۆمەتبار کرد بوو.

"جەماڵ خاشقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن بوو.

مێدیاکان چەن ڕۆژ دواتر ڕاپۆرتیان دا کە خاشقچی لە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستاندا کوژراوە .ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای ڕوون بوونەوەو وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ڕیازی کردووە لەم پەیوەندییەدا.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.

ڕژێمی سەعودی ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئۆکتۆبەر دوای ١٨ ڕۆژ بێ دەنگە لێکردن و بەدرۆ خستنەوە سەرەنجام لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.