تشرینی دووه‌م 23, 2018 15:45 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ڕێککەوتنێکی باش، ئێران لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکا

"محەممەد جەواد زەریف"ی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاردانەوە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ وەڕێخستنی خولی نوێی دانوستانی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران، وتی: ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە ، "ڕێککەوتنێکی شیاو"بوو ئێران ئیدی سەبارەت بە پڕۆگرامی ناڤۆکی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکا.

زەریف رۆژی پێنج شەممە لە دانیشتنی وتووێژە مەدیتەرانەییەکان لە "رۆم"ی پایتەختی ئیتالیا، بەئاماژە بەوەی کە دیپلۆماسی، کایەکردن نییە، وتی: "هەمووان من بە کەسێکی هۆگری هاریکاری و وتووێژ دەزانن، بەڵام بێتوو لەنێوان پرسی سەربەخۆیی ئێران و تەعامول و هاریکاری یەکێکیان هەڵبژێرم، بێگومان بۆ سەربەخۆیی ئێران هەوڵ دەدەم."

وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە تاران پێملی زۆرەملێ و زۆرداری نابێ، وتی: بۆچی دەبێ ئێران سیاسەتەکانی خۆی لەناوچەدا بگۆڕێ؟ ئاخۆ ئێران داکۆکی کرد لە سەددام؟ ئایا ئێران پشتگریی داعش، تالیبان و بەرەی نوسرەی کرد؟ ئایا ئێران یانزەی سیپتەمبەری بەدیهێنا؟ ئایا ئێران خەڵکی یەمەن بۆردومان دەکا؟ بۆیە دەبێ وڵاتانی دیکە سیاسەت و ڕەفتارە ناوچەییەکانیان بگۆڕن نەک ئێران.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەنجامی دانوستانی دوانزە ساڵانی ئێران لەگەڵ رۆژاوایە کە لە چوارچێوەی دانوستانگەلێک لەژێرناوی دانوستانە ناڤۆکییەکانی ئێران وگرووپی پێنج کۆیەک لە ساڵی٢٠١٥دا بەدەست هات. لەو کاتەدا، سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا، لە ئەستۆی "باراک ئۆباما" دابوو. بەڵام پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپ، بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ناوبراو هەشتی مای٢٠١٨ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.

بەم حاڵەوە، ئێران هەروا پێبەند ماوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و وڵاتانی ئوروپاییش تائێستا داکۆکیان کردووە لەو ڕێککەوتنەو درێژە دەدەن بە هاریکاری وهاوکارییان لەگەڵ ئێران بۆ مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێجگە لە ئەمریکا. ئەو هاوکارییە بەمانای ڕەت کردنەوەی سیاسەتی یەکلایەنخوازانەی ئەرمکایە. حکومەتی ترامپ بەچوونە نێو کۆشکی سپی و گرتنەبەری سیاسەتی "سەرەتا ئەمریکا" پشتی کرد لە ڕێککەوتنە جیهانییەکان لە ڕێککەوتننامەی ئاووهەوایی پاریسەوە بگرە هەتا ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ئەو شێوازە، بەهۆی سیاسەتی خۆخوازانەو کردەی یەکلایەنەی ئەمریکایە کە بنەماکانی هاوکاریی جیهانی و چەندلایەنخوازیی خستووەتەبەر مەترسی. "حوسێن موسەویان" کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو ڕایەیە کە؛ دەسەڵاتی ئەمریکا لەناوچەو جیهاندا ڕوو لە فەشەلبوونە ، بۆیە تیمی ئێستای کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لەهەوڵی چەسپاندنی دووبارەی شێوازی یەکلایەنخوازیی ئەمریکایە.

"مایلز هانیگ" چالاکوانی سیاسی ئەمریکیش لەبارەی سیاسەتی وێرانکەرانەو تێکدەرانەی حکومەتی ئێستای ئەمریکا لەسەر ئەو ڕایەیە کە؛ یەکلایەنخوازیی دۆناڵد ترامپ هەڕەشەیە لەدژ ڕێکخراوی نەتەوەکان و دەم و دەزگە نێودەوڵەتییەکانی دیکەو ئەو کردانە بوارخۆشکەرە بۆ پەرەی شەڕخوازیی و پێشێلکرانی مافی مرۆڤ.

"ڕێککەوتنی ئەتۆمی" کۆی هەوڵ و هاوکاریی شیاو و هاریکاریی جیهانییە، بەڵام ترامپ هەم لە سەردەمی پڕووپاگەندەو بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لە ساڵی٢٠١٦ و هەمیش بە چوونە نێو کۆشکی سپی، ئەو ڕێککەوتنەی بە خرابترین ڕێککەوتن ناوبرد. ترامپ سەرەنجام بەئامانجی گوشاری زیاتر خستنەسەر ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاتەدەر و خوازیاری وتووێژی دووبارە لەبارەی بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران بووە.

ترامپ هەرلەوبارەوە، چەندین جار ڕایگەیاندووە، ڕۆژێک ئێرانییەکان لەگەڵیدا دانوستان دەکەن، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند، ئێران لەبارەی پرسی ناڤۆکی خۆی چیتر لەگەڵ ئەمریکا ناکەوێتە وتووێژ و دانوستان.

ئامانجی ترامپ لە دانوستانی دووبارە، گۆڕینی مۆدێلی ڕەفتاریی ئێران لە ناوچەیە، پرسێک کە پێشاندەری زۆربێژیی ئەمریکایەو هەر بەوجۆرەی زەریفیش پێی داگرتووە، ئێران ملکەچی زۆرەملێ نابێ. دەسەڵاتی بەرگریی و مووشەکی و دەسەڵاتی ناوچەیی ئێران، فەکتەرگەلی دەسەڵاتسازی ئێرانن. ئێران وەک وڵاتێکی دەورگێڕ و هەست بە بەرپرسایەتی کردن لەناوچەدا ڕۆڵ دەبینێ و ئەو سیاسەتە لە چوارچێوەی هاوکاریی جیهانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامی جیهانییە.

لە وەها بارودۆخێکدا، زۆربێژیی ئەمریکا بە هێنانەئارای تۆمەت و بوختان هەڵبەستنی پڕووپوچ لەمەڕ ئەوەی کە ئێران دەورێکی شیاوی لەناوچەدا نییەو دەسوەردانی کاروباری وڵاتانی دیکە دەکا، جۆرێک هەوڵدانە بۆ شاردنەوەی تاوانکاریی ئەو لایەنانەی لە فەلەستین، یەمەن و ناوچەکانی دیکە بەچرا سەوزی ئەمریکا خەڵکی بێتاوان دەکوژن. بەلەبەرچاو گرتنی ڕاستییەکانی ئێستای ناوچە، ئەو لایەنەی دەبێ مۆدێل و سەرچەشنی ڕەفتاریی خۆی بگۆڕێ ، ئێران نییە، بەڵکوو کەسانێکن کە سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی سەربەخۆ دەدزن و یان لە شوێنێکی دیپلۆماتیک شارومەندێک بەشێوەیەکی کارەساتبار دەکوژن.

سەرپەیڤ