کانونی یه‌که‌م 04, 2018 13:00 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران: فرۆشتنی نەوت تەوەرەی کۆریدۆری دراویی ئەورووپا لەگەڵ ئێرانە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: فرۆشتنی نەوت تەوەرەی کۆریدۆری دراویی ئەورووپا لەگەڵ ئێرانە.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بانگەشەی ڕۆیتێرز لەمەڕ وەلانرانی باسی فرۆشتنی نەوت لە مێکانیزمی ئاڵ و وێری دراویی ئێران و ئەورووپا (SPV) بە ئاماژە بەوەی کە بەشی سەرەکیی هەناردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەوتە، وتی: وێدەچی هەندێ لایەن خەریکی کەش نانەوەن بۆ ئەوەی خەڵک هیوابڕاو بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەورووپاییەکان بڕوایان وایە کە جێبەجی کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئەوان پێویستە هەر بۆیە بۆ داین کردنی ئاسایش و جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێ خۆیان بخەنە زەحمەتەوە.

زەریف سەبارەت بە دانوستانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ٤+١ سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتیشی: بڕیار وابوو ئەورووپاییەکان ئەو مێکانیزمە وەکوو یەکەم هەنگاو وەڕێخەن و تا ئێستایش هەوڵی زۆریان داوە بەڵام ئەورووپاییەکان دەیانهەوێ بە بێ ئەوەی خەرجێک بکەن و زەحمەتێکیان وەبەر کەوێ لە بواری نەهێشتنی نیگەرانیی ئەمنی، تەنیا هەر سوود و قازانجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان بە نسیب ببێ کە ئەوەش گونجاو نییە.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی  ئێران هەروەها لە کاردانەوە بە تویتەکەی "مایک پۆمێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە تاقی کردنەوەی مووشەک لە لایەن ئێرانەوە، وتی: ئەمریکا هیچ بایەخێک بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش نادات و بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاتە دەرەوە بەڵام وڵاتانی دیکە لەبەر جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی سزا دەدات.

زەریف بە پێداگری لەسەر ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا تاقی کردنەوەی مووشەک بۆ ئێران قەدەغە نەکراوە وتیشی: بڕیارنامەی ٢٢٣١یش تەنیا مووشەکی هەڵگری کڵاڤۆکی ئەتۆمی دەگرێتەوە بەڵام قەدەغە نەکراوە تەنیا داوا لە ئێران کراوە ئەو چەشنە مووشەکانە بەکار نەهێنێ.

 

سەرپەیڤ