کانونی یه‌که‌م 10, 2018 08:27 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئەمریکییەکان جارێکی دیکە بەرەوڕووی شکست بوونەوە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لەکۆڕی ئەنجومەنی وەزیران، پێی داگرت: خۆڕاگریی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک، جارێکی دیکە شکستی هێنا بە ئەمریکا .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "حەسەن ڕۆحانی" لەو دانیشتنەدا، پاش گوێگرتن لە ڕاپۆری "بیژەن زەنگەنە" وەزیری نەوتی ئێران سەبارەت بە دانیشتنەکانی ئەم دواییەی ئۆپێک، وتی: سەرباری هەوڵی ئەمریکییەکان بۆ دەسوەردان لەکاروباری ئۆپێک و هەوڵدان بۆ تەگەرەنانەوە لەبەردەم هاوسەنگی دروست کردن لەمەڕ فرۆشی نەوتدا،  بەهۆی خۆڕاگریی وڵاتانی ئەندام و هەوڵ و کۆششی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پلانی ئەمریکییەکان پووچەڵ بۆوەو جارێکی دیکە بەرەوڕووی شکست بوونەوە.

ئێران، ڤێنزۆئێلاو لیبیا لە هاوبەشبوون لەو ڕێککەوتنە هەڵاوێردران.

ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت"ئۆپێک" رۆژی هەینی لە ڤیەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئاستی بەرهەم هێنانیان بۆ٨٠٠هەزار بەرمیل لەڕۆژدا کەم بکەن، هەروەها وڵاتانی نائەندام لەسەر کەمکرانی ئاستی بەرهەم هێنان بۆ٤٠٠هەزار بەرمیل لەرۆژدا ڕێککەوتن.

ئەمریکا پێشتر داوای لە هاوپەیمانانی لە ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت بەتایبەت عەرەبستان کردبوو هەتا ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتیان زیاد بکەن.

واشنگتۆن ئیدیعای کردبوو، ئەو داواکارییە بەئامانجی قەرەبووی کەمکرانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و ڤێنزۆئێلا و هەروەها پێش گرتن بە هەڵکشانی نرخی نەوت ئەنجامی گرتووە.

حکومەتی ئەمریکا هەشتی مای لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوەو پاشان ڕایگەیاند، هەتا چواری نۆڤمبەری٢٠١٨ هەناردەی نەوتی ئێران ، سفر دەکات.

بەڵام واشنگتۆن پاش شەش مانگ هەڕەشەو گوڕەشە لە هەناردەی نەوتی ئێران، سەرەنجام دووشەممە پێنجی نۆڤمبەر، هەشت وڵاتی سەرەکیی کڕیاری نەوتی ئێران(کۆریای باشور، ئیتالیا، ژاپۆن، هیند، چین، تورکیا، تایوان و یونان) ی لە گەمارۆ نەوتییەکان هەڵاوارد.