کانونی یه‌که‌م 11, 2018 16:16 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری ئێران: هەناردەی نەوتی ئێران پاش ئابلۆقەکانی ئەمریکا بەردەوامە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: هەناردەی نەوتی ئێران پاش جێ بەجێ کرانی قۆناخی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژ ئێران(چواری نۆڤمبەر) هەروا بەردەوامە.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە پاش کۆتایی هاتنی دانیشتنی سەرانی سێ هێزەکە لە شیکردنەوەی ئەو کۆڕە، وتی: پاش چواری نۆڤمبەر کە ئەمریکییەکان زۆر چاوەڕوان بوون هەتا شایەتی ئاڵۆزیی لە ئابووریی ئێراندا بن، خەڵک و چالاکانی ئابوری بەجۆرێک جوڵانەوە کە بارودۆخ بەزیانی ئەمریکا گۆڕا.

رۆحانی وتی: ئەمریکییەکان هەوڵیان دا پاش جێ بەجێ کرانی خولی دووهەمی ئابلۆقەکان لەدژ ئێران، هەڵاوسان، گرفتە ئابوریەکان و پرسەکانی هاوپێوەند بە بازاڕ بەجۆرێکی دیکە ببینن، بەڵام بەسەرنجدان بە کردەوەی بانکی ناوەندی، بەرپرسانی ئابوری و هاوکاریی خەڵک، هێمنی جێگیرەو هەموو هەوڵەکان لەسەر بەردەوام کرانی ئەو هێمنییە چڕبووەتەوە هەتا گیروگرفتی خەڵک کەم بکا.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ڕەوتی هەناردەکران لە هەشت مانگی ئەمساڵدا پێشکەوتنی باشی بووە لەبەراوەرد لەگەڵ ساڵی رابردووداو زیاتر لە سەتا١٣ی هەناردەکان زیادی کردووە.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان لەمەڕ بایکۆتی نەوتی ئێران، ناسەرکەوتوو بوون، وتی: ئەمریکییەکان لەدانیشتنی ئۆپێک هەوڵیان دا ئاستی بەرهەم هێنانی ئۆپێک کەم نەکاو پاوەجێ بمێنێ، بەڵام بەبڕیاری ئەندامان، ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوت کەمی کرد.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە تاووتوێی پرسە ناوچەییەکان لەدانیشتنی سەرانی سێ هێزەکە، پێی داگرت: هەوڵ وهەنگاوەکان بە قازانجی خەڵکانی ناوچەیە، بارودۆخی یەمەن بەجۆرێکە کە دەسدرێژکارانی سەر ئەو وڵاتە ئەمڕۆ واهەست دەکەن جگە لە ئاشتی لەگەڵ خەڵکی یەمەندا هیچ ڕێگایەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.

سەرۆکی دەزگەی بەڕێوەبەرایەتی ئێران وتی: لە سوریاش بارودۆخ بەرەو ئاشتەوایی و هێمنی زیاتر دەچێتە پێش و ئەوە بەمانای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکانە.

سەرپەیڤ