تەرمی ٤٦ شەهیدی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز لە سنووری مێهرانەوە گەڕانەوە بۆ خاکی ئێران
تەرمی پاکی ٤٦ شەهیدی تازەدۆزراوەی هەشت ساڵ شەڕی ئێراق دژ بە ئێران بە پێشووازیی خەڵکی شەهیدپەروەری ئێرانی ئیسلامی لە سنووری مێهرانەوە گوێزرانەوە بۆ خاکی ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ تەرمی ئەم شەهیدانە لە ناوچەکانی "زرباطیه" و "مندلی" ئێراق دۆزراونەتەوە.
ئەمشەو ڕێ و ڕەسمێکی بە ناوی شەوێک لەگەڵ شەهیدان لە نوێژگەی گەورەی شاری ئیلامی هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ئێران بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک بە بۆنەی هاتنی تەرمی پاکی ئەو شەهیدانە بەڕێوە دەچێ.
لەو شەڕەی کە ڕژێمی بەعسی ئێراق ٨ ساڵی تەواو دایسەپاند بە سەر ئێراندا و بە داکۆکیی ژمارێک وڵاتی ڕۆژاوایی و عەرەبی و بە مەبەستی تێکشکاندنی شۆڕشی ئیسلامیی ئاگرەکەی هەڵخڕا، زیاتر لە ٢٣٠ هەزار کەس شەهید بوون و و هەژمارێکی گەلێک زیاتر لەوەش بریندار بوون و بە هەزاران کەس ئێستایش هەر بێ سەر و شوێنن.
زەبر و زیانەکانی ئەو دەسدرێژکارییە بە پتر لە هەزار ملیار دۆلار مەزەندە کراوە.