کانونی یه‌که‌م 20, 2018 19:18 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی کۆتایی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتژییەکانی ئێران و تورکیا

لە بەیاننامەی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتژییەکانی ئێران و تورکیا ، سەرۆک کۆمارانی ھەردووک وڵات لە سەر پێویستیی پشتگری کردن لە کرداری گونجاو لە ئاراستەی وەدی ھاتنی ئامانجی ساتو سەودای ٣٠ ملیارد دۆلاری لەنێوان تاران و ئانکارا جەختیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەم بەیاننامە ھاوبەشەدا لە سەر گرینگایەتیی ھێزمەند کرانی ھەرچی زیاتری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە ڕێگای بەردەوامی دان بە دیالۆگی سیاسی و ئابووری و ھاتوچۆی شاندە باڵاکان لە نێوان دوو وڵات پێی داگرت.

ئێران و تورکیا لەم بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاندووە: ئەوپەڕی کەڵک لە میکانیزمی ھاوکارییەکانی ئێستا دژی چالاکیی نایاسایی ھێزەکانی پەکەکە و پژاک لە سنوورە ھاوبەشەکان وەردەگیردرێت و ھەنگاوی پێویست بۆ خەباتی دژی تیرۆریزم و تاوانی گەڵاڵە بۆکراو بە قازانجی ھەردووک وڵات دەنرێت.

سەرۆک کۆمارانی ئێران و تورکیا لەم بەیاننامە ھاوبەشەدا لە بارەی کاریگەری و زیانەکانی بایکۆتی یەک لایەنەی ئەمریکا بۆ سەر ژیانی خەڵک و ھاوکاری و تەناھی و سەقامی ناوچەکە نیگەرانییان دەربڕیوە.

ھەردووک وڵات وێڕای ئاماژە کردن بە پێویستیی خەباتی دژی تیرۆریزم و توندئاژۆیی لە سووریا، جەختیان کردووە لە سەر بەردەوام کرانی ھاوکاری لە چوارچێوەی ڕەوتی ئاستانەو وێڕای لێکدانەوەی دوایین ڕووداوەکانی یەمەن، بە ھەردووکیانەوە پێشوازییان کردووە لە و لێک گەیینە بەراییەی کە لە دانوستانەکانی سویید لە نێوان تاقمە یەمەنییەکان وەدی ھاتووە.

ھەرددوک لا لە بەیاننامەکەدا وێڕای پشتگری کردن لە ھەوڵی دەوڵەتی عێراق لەمەڕ خەباتی دژی تیرۆریزم و بنیات نانەوەی ئەو وڵاتە، لە سەر گرینگایەتیی بەرز کردنەوەی ئاستی ھاوکاریی سێ قۆڵی لە نێوان ئێران و تورکیاو عێراق لە بواری ئابوری و ئاسایشت پێیان داگرتووە.

تورکیاو ئێران ھەروەھا لە سەر تەوەرەی بەرەڤانی کردن لە ئارمانجی فەلەستین و قودسی پیرۆز و ھاوپشتیی تۆکمەو تەواو لەگەڵ گەلی چەوساوەی فەلەستین جەختیان کردووەو ھەرچەشنە ھەوڵدانێک بۆ گۆڕینی ڕەوشتی مافەوانی و مێژوویی قودسیان ڕەت کردووەتەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی شەوی پێنج شەممە بە پێی بانگێشتنی فەرمیانەی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیاو بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتژییەکانی ئێران و تورکیا گەییشتە ئانکارا.

 

 

سەرپەیڤ