کانونی یه‌که‌م 21, 2018 08:20 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: بایکۆتەکان دەرفەتێکن بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووریی ئێران و تورکیا

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئێران و تورکیا دەتوانن بە بەڕێوەبەرایەتیی درووست، بایکۆتە زاڵمانەکانی واشینگتۆن دژی تاران بکەنە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووریی نێوان دوو وڵات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حەسەن ڕۆحانی" ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆڕی بازرگانان و چالاکانی بواری ئابووریی ئێران و تورکیا لە ئانکارا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئێران ئامادەی دابین کردنی وزەی تورکیا لە درێژماوەدایە، دیسان بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێرانی بە زاڵمانە زانی و ڕایگەیاند: یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و قازانج و بەرژەوەندیی گەلان نەبێ، هیچ دەسەڵاتێک نابێ کاریگەری دانێتە سەر پێوەندیی ئابووریی ئێران و تورکیا.

ڕۆحانی ڕایگەیاند: باروودۆخی بایکۆتی زاڵمانە و نادادوەرانەی دژ بە گەلی ئێران، دەتوانێ هەلێکی زۆر گرینگ و پڕبایەخ بڕەخسێنێ بۆ پێوەند دانی ئابووریی دوو وڵات تا ڕادەیەک کە هیچ هەڕەشە و هەنگاوێک نەتوانێ بیخەوشێنێ.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و تورکیا لێبڕوانە هەوڵ دەدەن ئاسایش و پاوەجێی بگەڕێننەوە بۆ هەمو ناوچەکە؛ وتیشی: تاران و  ئانکارا بە هاوکاریی هاوبەش ئەو پەیامە بە بیانییەکان و دەسەڵاتە بیانییەکان ڕادەگەیەنن کە ناتوانن بڕیار بدەن بۆ ئاسایشی ناوچەکە.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیایش بە ئاماژە بە بوونی پێوەندیی چەن لایەنە و  بەربڵاو لە نێوان ئێران و تورکیا وتی: ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە ئاستی پێوەندیی ئابووریی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەیەنێتە ئاستی پێوەندیی سیاسی.

سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاماژە بە بایکۆت داسەپاندنەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران وتی: بڕیاری ئەمریکا لەسەر داسەپاندنی بایکۆت نابێ پێش بە ئامانجی دوو وڵات لە پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووریی بێ و دەبێ بزانین کە بڕیاری ئەمریکا بە مانای سزادانی جەماوەری ئێرانە و ئەمە مەسەلەیەکە کە تورکیا لە هەر دەرفەتێکدا  راشکاوانە ڕایدەگەیەنێ.

ئەردوغان وتیشی: هەنگاوی یەکلانەی ئەمریکا لەم بوارەدا ئاسایشی جیهانی و نێودەوڵەتیی دەخاتە مەترسییەوە و هەموان دەبێ ئەوە بزانین کە ئەمڕۆ جیهان پێویستی بە ئاشتی و ئاسایشە نە شەڕ.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: تورکیا بایکۆتەکانی قەبووڵ نییە و کەس ناتوانێ ئەو چاوەڕوانییەی لە تورکیا هەبێ کە پێوەندیی ئابووریی خۆی لەگەڵ ئێران بەرتەسک بکاتەوە.

سەرپەیڤ