کانونی یه‌که‌م 29, 2018 16:04 Asia/Tehran
  • زەریف :  ئامادەبوونی ئەمریکا لە کەنداوی فارس، کێشەسازکەرە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمانەی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی "فۆنیکس" ی چین وتی: ئێمە لە سەرەتاوە لەسەر ئەو ڕایە بووین کەئامادەبوونی ئەمریکا لە کەنداوی فارس جگە لەوەی نایاساییە، کێشەسازکەریشە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "محەممەد جەوادی زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی "فۆنیکس"ی چین کە دوێشەو(هەینی) بڵاوبۆوە، وتی: ئامادەبوونی پاپۆڕی ئەمریکی لە کەنداوی فارس پێش ئەوەی کاریگەریی ئەرێنی هەبێ، لەراستیدا کێشەو ئاڵۆزیی دروست دەکا و هەر کات ئەمریکییەکان ئامادەبوونیان لە کەنداوی فارس بەهێزتربووە، هەموو وڵاتانی کەنداوی فارس بەرەوڕووی مەترسیی بوونەتەوە.

زەریف وتی: ئێران، وڵاتێکی بەهێزەو دەتوانێ لە بەرژەوەندییەکانی بەرگری بکاو ئەوە ناوچەیە، کە لە ئامادەبوونی ئەمریکا زەرەمەند دەبێ و بەدووری دەزانم ئەمریکییەکان هەلومەرجی هەرەشە کردن لە ئێرانیان هەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە چوونەدەری هێزە ئەمریکییەکان لە سوریاش وتی: ئێمە هێشتا نازانین ئەمریکییەکان چ پلان وبەرنامەیەکیان بەدەستەوەیە، ئەوەی وا بۆ ئێمە گرینگە، ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەدا سیاسەتێکی مەترسیدارە کە دەبێ ئەو سیاسەتە بگۆڕدرێ.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها وتی: ئێران هیچ کات لەبارودۆخی نائاسایی لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکا، ئەو لایەنەی لە دانوستان کشایەوە، ئێران نەبوو، ئەمریکییەکان هەتا هەشت مانگ لەوەپێش لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هەبوون و دانوستانیان لەگەڵدا دەکردین بەڵام جێیان هێشت بۆیە خۆیان دەبێ بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: هۆگریی ئێران بە چین، هۆگریەکی ستراتژیکییە نەک تاکتیکی و کاتی و چین بۆ ئێران دۆستێکی جێ متمانەیەو دەمەوێ چینیەکانیش دڵنیابن.

سەرپەیڤ