کانونی دوھەم 02, 2019 13:57 Asia/Tehran
  • مۆگرینی: هەوڵدان بۆ پێکهێنانی میکانیزمی دراڤی تایبەتی ئێران لە ساڵی٢٠١٩ بەردەوامە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا ڕایگەیاند، هەوڵەکان لەئاراستەی پێکهێنانی میکانیزمی تایبەتی دراڤی لە ساڵی٢٠١٩ لەبارەی ئێران، بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ "فدریکا مۆگرینی" لەبڵاگی فەرمیی خۆیدا نووسی؛ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئەو میکانیزمە کە لە ئێران وەک میکانیزمی دراڤیی تایبەتی ئوروپا (ئێس پی ڤی) دەناسرێ ، لەساڵی٢٠١٩ش درێژەی دەبێ.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا ئاماژەی کردە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی چوار کۆیەک لە پەراوێزی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک و بیری خستەوە: وڵاتانی ئوروپایی لەوکاتەوە، پێشەکییەکانی پێکهێنانی میکانیزمێک بۆ درێژەدان بە تیجارەتی ڕەوای کۆمپانیاکانمان لەگەڵ ئێرانیان دەس پێ کرد.

مۆگرینی وتی: بە تێپەڕینی دوو ساڵ و نیو بەسەر ئیمزاکرانی ڕێککەوتننامەی ناڤۆکی لەگەڵ ئێراندا، ئەو ڕێککەوتنە هەروا چالاکەو ماکی ناسەربازیی بەرنامەی ناڤۆکیی ئێرانی دەستەبەر کردووە.

ماوەیەک لەوەپێش، "هایکۆ ماس" وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لەوبارەوە پێی داگرت؛ بەهێزکرانی ئۆتۆنۆمیی ئوروپا بە پێکهێنانی ڕێگاکانی درانی سەربەخۆی پارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو دامەزرانی دەزگەی دراڤیی ئوروپاو سیستەمی سوئیفت بێ وابەستەیی، زۆر پێویست و حاشاهەڵنەگرە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا لە لێدوانەکانی خۆیدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی جەختی کرد لەسەر پێبەندبوونی ئەو یەکێتییە بە جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ئەو لێدوانەی مۆگرینی پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە نیگەرانی دەربڕی لەوەی کە یەکێتی ئوروپا تائێستا نەیتوانیوە لەبەر زەخت وگوشارەکانی ئەمریکا لە وەگەڕخستنی ڕێگای تایبەتی دراڤیی ئەو یەکێتیە لەگەڵ ئێراندا (ئێس پی ڤی) سەرکەوتوو بێ.

"دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتی مای چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وگەڕانەوەی ئابلۆقە ناڤۆکییەکان دژ بەئێرانی ڕاگەیاند.

 

سەرپەیڤ