کانونی دوھەم 10, 2019 13:22 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: شانازی دەکەین بە موشەکی بەرگریکارانەو زانستیی خۆمان

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: موشەک ئەمڕۆکە ئامێرێکی بەرگریکارانەیە بۆ ئێران و گەلی ئێمەو شانازیی پێوە دەکەین.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لە ئاھەنگی دووھەمین ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا ھاشمیی ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆچکردووی کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران لە تاران دا وتیشی: لە ماوەی حەوتەکانی داھاتوو بە موشەکە خۆماڵییەکانی ئێران دوو سەتەلایتی تازە بەرەو گەردوون دەنێرین.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وتی: گەلی ئێران بەو ڕێککەوتنەی بەرجام کارێکی گەورەی کرد و ئەم ڕێککەوتنە توانی لە ڕۆژێکدا شەش بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان دژی ئێران پوچەڵ کاتەوە.

ڕۆحانی لە درێژەی لێدوانەکەی دا بە دەربڕینی ئەمەی کە شەڕی داسەپاوی دژی ئێران تەنیا بۆ داگیرکردنی سەرزەوین و شەڕی سەربازی نەبوو، وتیشی: ئامانجی گرینگی دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی لە داسەپاندنی شەڕ بە سەر گەلی ئێراندا، لەنێو بردنی دەرفەتەکانی بە جیھانی کرانی ئەم شۆڕشە بوو.

بەڕێزی ئاماژەی کردە ھێزی بەرگریکارانەو تەکنیکیی ئەمڕۆی ئێرنیش و وتی: دوژمن بە ھەموو توانایەکەوە بۆ سەپاندنی گوشاری سیاسی و ئابووری دژی ئێران ھاتووەتە مەیدانەوە کە بە دڵنیاییەوە بە یەکگرتن و یەکانگیر بوون و دان بەخۆدا گرتن دەشێ ڕێبازی شۆڕشی ئیسلامی بپارێزرێت و بەردەوام بکرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا سەربەرزیی حکومەت و ئێرانی شکۆمەندی وەک ئاواتی ئایەتوڵڵا ھاشمیی ڕەفسەنجانی باس کردو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە گەلی ئێران ئەم ئامانجە پێ و شوێن دەگرن وتیشی: ناوی ھاشمیی ڕەفسەنجانی لەگەڵ سەربەرزیی ئێرندا موتوربە کراوە.

ئایەتوڵڵا ھاشمیی ڕەفسەنجانی سەرۆکی پێشووتری کۆگەی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٥ ڕێککەوتی ھەشتەمی ژانویەی ٢٠١٧ لە بەر نەخۆشیی دڵ لە تاراندا کۆچی دوایی کرد.

سەرپەیڤ