کانونی دوھەم 15, 2019 09:37 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی ڕوو لە ئەمریکاییەکان: ئێران چلەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرشەقام دەکاتە جەژن

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو ڕوو لە کاربەدەستانی ئەمریکایی کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو خەڵکی ئێران چلەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی بە چاو نابینن، وتی: گەلی ئێران ئەمساڵیش ساڵڕۆژی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر شەقامەکان دەکاتە جەژن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حەسەن ڕۆحانی" لە کۆڕی زانایان و مامۆستایانی ئایینی سوننە و شیعەی پارێزگای گوڵستان، هەڵکەوتوو لە باکووری ئێران، ڕایگەیاند: لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیەوە تا ئێستا دوژمنان بەردەوام بە پیلانگێڕیی جۆربەجۆرر هەوڵیان داوە زەبر لە خەڵکی ئێران بدەن کە بە هۆی وریایی و وشیاریی ئەم گەلە مەزنە هەموو پیلانەکانیان پووچەڵ بۆتەوە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ڕێگای سەرکەوتن و ڕزگاری لە ئاراستەی  پەیڕەوی کردن لە ڕێگای پێغەمبەری نازداری ئیسلام محەممەدی مستەفا (ص)دایە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ گەلی ئێران  بەردەوام بە خۆڕاگری و بەرخۆدان دوژمنانی بەرەوڕووی شکست کردۆتەوە.

حەسەن ڕۆحانی پێشتریش بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە گەلی ئێران لە هەمبەر دەسدرێژکار و زۆربێژ هەرگیز سەری دانەنواندووە و داینانوێنێ، پێداگری کردبوو ئێرانییەکان لە خەباتی  ویست و ورەدا، شکستێکی قورس بە سەر ئەمریکا دادەسپێنن.

ئەمریکا پاش چوونەدەری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کەمپەینێکی هەمەلایەنەی بۆ وەبن گوشار نانی ئێران وەڕێ خستووە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی  سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، بە شێوەی یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە چووە دەرەوە و ڕایگەیاند کە بایکۆتە ئەتۆمییەکان سەر لە نوێ بە سەر ئێران دادەسەپێندرێنەوە. هەنگاوێک کە بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.

سەرپەیڤ