کانونی دوھەم 15, 2019 16:28 Asia/Tehran
  • رۆحانی : ئێران ترسێکی لەبایکۆتەکان نییە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی : ئێران لە بایکۆت ناترسێ و لە ئامانجەکانی ناکشێتەوە .

حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی  سێ شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئیداری پارێزگەی گوڵستان لەباکووری ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی  ئێران لە شەڕی ئابووری دایە وتیشی : لایەنی بەرامبەری ئێران لە شەڕی ئابووری، ئەمریکا، ڕژێمی ئیسرائیل و ژومارێک لە وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارسن  . روحانی  بە ئاماژەدان بە ئامانجەکانی  ئەمریكا لە دەستپێکی شەڕی ئابووری  لەگەڵ ئێران وتیشی: کەم ڕەنگ کردنی  دەوری ئێران لە ناوچە، بەرەنگار بوونەوەی پێشکەوتنی مووشەکی  و ناڤۆکی، دانانی لەمپەڕ لەسەر ڕێگەی  پێشکەوتن و گەشە و مەودا نانەوە لەنێوان  خەڵک و بەرپرسان، لە نموونەی ئامانجەکانی ئەمریکا لە دەستپێکی شەڕی  ئابووری لەگەڵ ئێرانە بەڵام  کۆماری ئیسلامیی ئێران  بە سەرکەوتوویی لەم شەڕە تێدەپەڕێت.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها وێڕای پێداگری لەسەر ئەمەی كە تاران هیچکات  دەستدرێژی نەکردوەتەسەر مافە نێودەوڵەتییەکان، وتی  : بە پێچەوانەی ئەمریکا  کە لە بەرجام دەرکەوت،  ئاژانسی نێودەوڵەتی  وزەی ئەتومی هەروا ڕادەگەیەنێ  کە ئێران بە تەواوی  پێبەندی بەڵێنەکانی بووە.

روحانی بە ئاماژەدان بەشکستی  ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەم وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا  وتیشی :  لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هەندێ وڵاتی ناوچە  زۆرتر لە سەد میلیار دولار چەکیان لە ئەمریکا کڕیوە بەڵام سەرباری ئەوانە ڕادەگەیەنن کە لە یەمەن شکستیان هێناوە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە سەفەرێکی دوو ڕۆژە گەیشتە پارێزگەی گوڵستان و  فەرمانی دەستپێکرانی کەڵک وەرگرتن لە چەند گەڵاڵەی بنیات نانەوەی لەم پارێزگەیە دەر کرد.

 

سەرپەیڤ