کانونی دوھەم 16, 2019 10:35 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی زەریف بەرامبەر بە قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ بە ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە خۆوەردانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پێوەندییەکانی ئێران و کوردی ئێراق و سووریا وتی: گەلی ئێران و گەلی کورد، لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە لە تەنیشت یەکتری ژیاون و تا هەتایەش هەروا دەبێ.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەمدواییە لە کۆڕی ئەندامانی کابینەی دەوڵەتی ئەم وڵاتە بانگەشەی کرد کوردی سووریا نەوت دەفرۆشن بە ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە سەفەر بۆ پارێزگەی هەولێر، لە باکووری ئێراق وتی: ئێران بەردەوام لە بەغدا و ناوچەی کوردستانی ئێراق لە بواری جۆربەجۆری سیاسی و ئابووری پێوەندیی باشی هەبوو.

زەریف هەروەها بە پێداگری لەسەر گرینگایەتیی پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەیی نیشتمانیی ئێراق وتی: بە پێکهاتنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، ڕێگا بۆ هاوکاریی هەرچی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەکەوە و تاران و هەرێمی کوردستانی ئێراق لە لایەکی دیکەوە دابین بکرێ.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران بە ئاماژە بە پێشینەی هەزاران ساڵەی پێوەندییەکانی ئێران و ئێراق راشکاوانە ڕایگەیاند: بە هۆی پێوەندیی قووڵی نێوان دوو وڵات، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ مەودا و کەلێن بخاتە نێو ئەوانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بۆ دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێراقی و بەشداری لە سێ کۆبوونەوەی بازرگانیی چالاکانی ئابووری بەشی نادەوڵەتی دوو وڵات لە بەغدا، سلێمانی و کەربەلا گەیشتە ئێراق.

زەریف لە بەغدا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵا و هەروەها کەسایەتیە سیاسییەکانی سەر بە لایەنی جۆربەجۆر و جیاوازی ئێراقی لەوان "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆمار، "عادڵ عەبدولمەهدی"ی سەرۆک وەزیران، "محەممەد حەلبووسی" سەرۆک پەرلەمان، سەید عەمار حەکیم" سەرۆکی ڕەوتی حیکمەت، "هادی عامری" سەرۆکی فراکسیۆنی "البناء"  و ئەیاد عەلاوی " سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئەم وڵاتە دیدار و تووێژی کرد.