کانونی دوھەم 16, 2019 11:03 Asia/Tehran
  • پۆمپێئۆ و دووپات کردنەوەی بانگەشەکانی؛ بەرنامەی گەردوونگەڕیی ئێران دژ بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە دیسان دەستی کرد بە دووپات کردنەوەی بانگەشە بێ بنەماکانی دژ بە بەرنامەی گەردوونگەڕی و مووشەکیی ئاسایی و یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "مایک پۆمپێئیۆ" لە تویتەردا بە دووپات کردنەوەی ئەو بانگەشەیە کە هاویژرانی سەتەلایەت بۆ گەردوون لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نایەتەوە، نووسی کە ئێران لە دووی بەرز کردنەوەی توانا مووشەکییەکانی خۆیەتی کە هەڕەشەیەکە دژ بە ئەورووپا  و ڕۆژهەڵاتی ناڤین دێتە ئەژمار.

"پۆمپێئۆ" رۆژی شەممەیش لە لێدوانێکی گاڵتەجاڕدا بانگەشەی کردبوو کە بەرنامەی ئێران بۆ هاویشتنی سەتەلایەت بۆ گەردوون لە راستیدا پلانێکە بۆ پاسا دانەوەی تاقیکاریی مووشەکیی پێشکەوتووی هەڵگری کڵاڤۆکی ئەتۆمی.

ئەو بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا لە ١٣ ڕاپۆرتدا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی  و ئاشتیانەبوونی چالاکیی ئەتۆمیی ئێران پشت راست کردۆتەوە.

ئەمریکا هاوڕێ لەگەڵ ژمارێک لە هاوپەیمانەکانی کە بەردەوام لە دووی پاوان کردنی تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکانن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەتەلایت ناردنی ئێران بۆ گەردوون دژ بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێنجشەممە ٣ی ژانڤییە لە کاردانەوە بەو بانگەشەیە راشکاوانە رایگەیاند؛ واشینگتۆن ئێرانی بە بنپێ کردنی بڕیارنامەیەک تۆمەتبار دەکات کە خۆی بنپێی کردووە.

"زەریف" بە ئاماژە بەوەی کە هیچ چاوەڕوانییەک لە پۆمپێئۆ ناکرێ جگە لەوەی کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی تێنەگەیشتبێ، وتیشی: ئەو کەسانەی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئاشنان باش دەزانن کە هاویشتنی مووشەکی سەتەلایتبەر لە لایەن ئێرانەوە و تاقی کردنەوەی مووشەکی بە هیچ لەونێ بنپێکەری بڕیارنامەی ٢٢٣١ نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتریش بە ئاماژە بەوەی کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا داوای ئەوە لە ئێران دەکات مووشەکی هەڵگری کڵاڤۆکی ئەتۆمی ساز نەکات، راشکاوانە رایگەیاندبوو ،کە ئێران هیچ بەرنامەیەکی ئەتۆمیی سەربازیی نییە.