کانونی دوھەم 17, 2019 15:20 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەمریکا بۆی نییە خۆی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق وەردات

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: کاربەدەستانی ئەمریکی بۆیان نییە خۆیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق وەردەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنج شەممە دوای دانیشتنی ھەڵسوڕاوانی ئابووریی ئێران و پارێزگای نەجەفی عێراق وتیشی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق قەت ساختەو ڕووکەشانە نەبووەو ئەمریکا بۆی نییە خۆی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق وەردات.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەشێکی تری قسەکانی دا پێی داگرت: ئێران بە تەواوی ئامادەی ئەوەیە کە لە ڕێگای ھەڵوەشاندنەوەی ڤیزە، کەم کردنەوەو یان ھەڵگرتنی دوولایەنەی نرخنامەکانی گومرگ و دروست کردنی شارۆچکەگەلی پیشەسازییانە لە ناوچەکانی سەر سنوور، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دا پەرە پێ بدات.

زەریف پێشی داگرت: لە گەشتە پێنج ڕۆژەکەی بۆ عێراق لە شارەکانی بەغداو ھەولێرو سلێمانی و کەربەلاو نەجەف دیداری باشی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی و ھەڵسوڕاوانی بازرگانیی ئەو وڵاتە ئەنجام داوەو بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق ئاسۆیەکی ھەرە باش و درەوشاوەی ھەیە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکشەممەی ڕابردوو گەییشتە بەغدای پێتەختی عێراق و وێڕای دیدارو ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقی لە کۆبوونەوەی گەورەی ئابووریی ئێران و عێراق لە بەغدا بەشداریی کرد. زەریف ڕۆژی سێ شەممەش سەردانی ھەولێرو سلێملانیی کردو چاوی بە بەرپرسانی کوردستانی عێراق کەوت.

بەشداری لە کۆبوونەوەی گەورەی ھاوکاریی ئابووریی ئێران و ھەرێمی کوردستانی عێراق لەو بەرنامانەی دیکەی موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

سەرپەیڤ