کانونی دوھەم 23, 2019 17:10 Asia/Tehran
  • ئالی حەبیب: ڕمبازێنەکانی ڕژێمی زایونی دەبێ کۆتایی پێ بێت

یاریدەری نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەربڕینی ئەمەی کە بەرپەرچ نەدانەوەی کردەوەکانی نایاسایی ڕژێمی زایونی، ئەم ڕژێمەی پڕکێش تر کردووە، وتی: جیھان دەبێ کۆتایی بە ڕمبازێنەکانی ڕژێمی زایونی بھێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، « ئیسحاق ئالی حەبیب» یاریدەری نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کە بە تەوەرەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین و کێشەی فەلەستین بەڕێوە چوو، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە لە ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵی ڕابردوو پێشێلکرانی مافی ڕەوای فەلەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی ئیسرائیلەوە بەردەوام بووە، وتیشی: ڕژێمی زایونی تەنیا لە ساڵی ٢٠١٨ دا نزیکەی ٣٠٠ فەلەستینیی شەھید و پتر لە ٢٩ ھەزار فەلەستینیی دیکەشی بریندار کردووە.

« ئیسحاق ئالی حەبیب» جەختی کرد: جیھان دەبێ بە فەرمی ناسینی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی ئیسرائیل ڕەت کاتەوەو ئەم ھەنگاوە لە تەنیشتی بەردەوام کرانی داگیر کردنی بەشگەلێکی لوبنان و جۆلانی سووریا بەوپەڕی ھێزمەندییەوە شەرمەزار بکات.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمریکا بە پشتگری کردنی لە ڕژێمی زایونی ، ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی سست کردووە، وتیشی: ھەر لە بەر ئەمەیە کە ڕژێمی زایونی لە سەردەمی تەمەنی کورتی خۆی دا پتر لە ١٥ شەڕی وەڕێ خستووە و پەلاماری وڵاتانی جۆربەجۆریشی داوە.

یاریدەری نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەروەھا تیشکی خستە سەر چەکە کۆمەڵکوژەکانی ڕژێمی زایونی و وتیشی: ڕژێمی ئیسرائیل موشەک گەلی ھێرشبەری بەرھەم ھێناوەو ڕاشیگەیاندووە کە، بەو موشەکانەی دەتوانێ ھەر شوێنێکی لە ناوچەکەدا پێ خۆش بێت بکاتە ئامانج کە دیارە ئەمەش بە واتای ھەڕەشەیەکی پاڵەکی و ناڕاستەوخۆ دژی تەواوی وڵاتانی ناوچەکەیە.

« ئیسحاق ئالی حەبیب» یاریدەری نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی کرد: ڕژێمی زایونی ماوەیەک لەمەو بەریش ھەڕەشەی لە نێو بردنی ئێرانی بە ھێی چەکی ناڤۆکییەوە کرد کە ھەڵبەت ئەمەیان وەھمێکی بێ بنەمایەو بەس.

یاریدەری نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی داگرت: بە گێرەی بڕگەی ٥١ی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، تەواوی وڵاتانی ناوچەکە مافی خۆیانە لە بەرامبەر شاڵاوە سەربازییەکانی ڕژێمی زایونی لە خۆیان بەرەڤانی بکەن.

جێگای ئاماژەیە ، رژیمی ئیسرائیل بە داگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان و دروست کردنی شارۆچکەی زایۆنی نشین لەو ناوچانەدا، لەهەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە فەلەستینیەکان و بەخشینی سیمایەکی زایۆنیستی بەو ناوچانانەیە، هەتا زاڵێتی خوازییەکانی لە ناوچە فەلەستینیەکان جێگیربکات.

ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئۆکتۆبەری 2016 بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک شارۆچکەسازییەکانی ڕژێمی زایونی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستینی ئیدانە کرد. بە پێی ئەم بڕیارنامەیە، ڕژێمی زایونی ئەرکمەند دەکرێت بەوەی کە دەستبەجێ و بەتەواوی واز لە چالاکییەکانی لە بواری شارۆچکەسازی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین لەوانە قودسی پیرۆز بهێنێ .

کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی جیهانیش گەلێک جار داوایان لە ڕژێمی زایونی کردووە کە کۆتایی بە داگیرکردنی زەوییەکانی فەلەستین بهێنێ، کەچی ئەم ڕژێمە بەردەوام بە بێ ئەوەی ئەو داخوازییانەی کۆمەڵگای جیهانی بە هەند بگرێت، لە سەر داگیرکردنی سەرزەوی و داپڵۆساندنی فەلەستینییەکان بەردەوامە.

سەرپەیڤ