شوبات 01, 2019 11:45 Asia/Tehran
  • تۆمار کرانی کەناڵی دراویی ئەورووپا؛ هەنگاوێکی درەنگانە بەڵام هیوابەخش

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی پێشوازی کردووە لە وەڕێخرانی مێکانیزمی دراویی ئەورووپا لەمەڕ بەردەوام بوونی هاوکاریی ئابووریی ئەورووپا لەگەڵ ئێران وەکوو یەکەم هەنگاوی ئەورووپاییەکان.

عەباس عەراقچی رۆژی پێنجشەممە هیوای خواست کە کەناڵی دراویی ئەورووپا بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێ و کەم و کوڕی تێدا نەبێ و  هەموو کەل و پەل وشت و مەکێک بگرێتەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی  وتی: مێکانیزمی دراویی ئەورووپا کاتێک بۆ ئێران سوود و قازانجێکی تەواو دابین دەکات کە بۆ وڵاتان و یا کۆمپانیا نائەورووپاییەکانیش لە بەردەستدا بێ.

لە ئاکامدا ئەڵمان، فەرەنسا و برتانیا نزیکەی ٩ مانگ پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی بایکۆتەکان بۆ سەر ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە  مێکانیزمی دراویی ئەورووپاییان بە مەبەستی هاسان کردنەوەی بازرگانی نادۆلاری لەگەڵ ئێران و چار کردنی بایکۆتەکانی ئەمریکا وەڕێ خست.

 مێکانیزمی دراویی تایبەتی ئەورووپا بە "ئینستێکس" INSTEX بەناوبانگە. ئامانج لە وەڕێخستنی ئەم مێکانیزمە یارمەتیدانی پاراستنی تایبەتمەندییە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەم کەناڵە دراوییە لە یەکەم هەنگاودا کەل و پەلی بایکۆتهەڵنەگری وەک خۆراک و دەرمان دەگرێتەوە تا مێکانیزمێک بۆ دابین کردنی دراو وەڕێ بکەوێ.

 مێکانیزمی دراویی تایبەتی ئەورووپا لە هەنگاوی دواتردا کەل و  پەلی بایکۆت کراویش دەگرێتەوە و بە گشتی ئامانجی ئەو مێکانیزمە چڕ کردنەوە لە سەر ئەو کەل و پەلانەیە کە بایکۆت کراون. ئەمریکا بە چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ لە دوو قۆناغدا دژ بە ئێران لە بواری جۆر بەجۆر لەوان نەوت و سات و سەودای بانکی بایکۆتی داسەپاند. ئامانج لەو هەنگاوی ئەمریکا وەبن گوشار نانی ئێران لە بواری ئابوورییەوە و تیابردنی هەموو تایبەتمەندییە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئێران بوو.

لە وەها ڕەوشێکدا بێتوو لە هەنگاوی دواتری ئەورووپاییەکاندا کل وپەلی بایکۆت کراو نەچێتە بازنەی مێکانیزمی دراوی ئەورووپا و هەروەها کۆمپانییە ئەورووپاییەکان هان نەدرێن بۆ هاوکاری لەگەڵ ئێران، ناتوانین زۆریش گەشبین بین بەرامبەر بەوەی کە بەو مێکانزیمە چاری بایکۆتەکانی ئەمریکا بکرێ.

ئەوەی بە ناوی مێکانیزمی دراویی ئەورووپا بۆ بازرگانیی نادۆلاری لەگەڵ ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە لایەن ئەڵمان، فەرەنسا و بەریتانیا لە "بوخارێست"ی پێتەختی ڕۆمانی پەردەی لە سەر لادراوە هێشتا هەر لە یەکەم قۆناغیدایە و بۆ پەرە سەندنی بازنەی چالاکییەکانی ، هەنگاوی تەکنیکی زۆر ماوە کە دەبێ هەڵگیردرێ. هەر لەم ئاراستەیەدا، "ڕەزا نەجەفی" بەڕێوەبەری گشتیی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: وەڕیخستنی کەناڵی دراویی لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئێران، یەکەم هەنگاوی ئەورووپاییەکانە بۆ داکۆکی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە دەبێ بگاتە قۆناغی جێبەجێ کرانەوە.

بە هەر حاڵ؛ ئەم هەنگاوەی ئەورووپا هەنگاوێکی ئەرێنی دێتە ئەژمار و نیشان دەدات کە هێشتایش هەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دەبێ بپارێزرێ. هەر لەم بوارەدا، "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هاوکات لەگەڵ تۆمار کرانی کەناڵی تایبەتی دراویی ئەورووپا و ئێران وتی: یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوەتی داکۆکی دەکات لە جێبەجی کرانی تۆکمە و تەواوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەکوو پەیمانێک کە دەسکەوتی دیپلۆماسی جیهانی دێتە ئەژمار، بۆ ئەورووپا لە بواری پارێزرانی پلە و پێگەوە گەلێک گرینگە  و هەڵوێست نواندنی سیاسیی ئەورووپاییەکان بۆ داکۆکی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەر لەو چوارچێوەدایە. بەڵام وێرای ئەوەش کارامە بوونی مێکانیزمی دراویی ئەورووپا تەنیا بە هەڵوێست نواندنی سیاسی بەرتەسک نابێتەوە. کۆمپانییە ئەورووپایی و نائەورووپاییەکان بەو مەرجەی ڕازی بە چالاکی لە چوارچێوی ئەو مێکانزیمە دەبن کە لە سزا و بایکۆتەکانی ئەمریکایان لێ دوور بێ.

هاتنەدیی ئەو ئامانجەیش، پێویستی بە هەنگاوی بە کردەوە و کاریگەرتری ئەورووپاییەکان هەیە کە تەنانەت نابێ لە دانی خەرجی پارێزرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیش دڕدونگ بن. بە سەرنج دانی هەڵوێستەکانی ئەمریکا لەمەڕ نەیارەتی دژ بە تۆمار کرانی کەناڵی دراویی ئەورووپا و ئێران، بەردەوام بوونی کێشە و بگرە و بەردەی قورس لە نیوان واشینگتۆن و ئەورووپا سەبارەت بە جێبەجێ کرانی بە کردەوەی ئەم مێکانیزمە لە ئارادایە.

وێڕای ئەوەش ماڵپەڕی بلومبێرگ نووسی" وەڕێخرانی کەناڵی "ئینستێکس" INSTEX کورت کراوەی Instrument in Support of Trade Exchanges بە مانای "ئامرازی پشتیوانی سات و سەودای بازرگانی" لەگەڵ ئێران، خاڵەوەرچەرخانێکی گرینگ دەبێ لە بواری هەوڵدانی ئەورووپاییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئابووریی ئەمریکا.

 

سەرپەیڤ