شوبات 14, 2019 20:02 Asia/Tehran
  • رۆحانی : ترۆریستان لەهیچ شوێنێکی گۆی زەوی نابێ هەست بەئاسایش بکەن

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ترۆریستان نەک هەر لە سوریا بەڵکوو لەهیچ شوێنێکی گۆی زەوی نابێ هەست بە هێمنی و ئاسایش بکەن.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری، "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمرۆ پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لە سوچی، درێژەی بەرەنگاربوونەوەی هەموو گرووپە ترۆریستییەکان لە سوریا هەتا بنبڕکرانیانی بە پێویست زانی.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: وتووێژ و دیالۆگی سوری-سوری بەئامانجی هێنانەدی ئاشتەوایی پاوەجێ لە سوریا دەبێ بێ دەسوەردانی دەرەوەیی بەردەوام بکرێ و سەربەخۆیی، سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەو دەسوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سوریا لەهەر بارودۆخێکدا ڕێزی لێ بگیردرێ.

رۆحانی هەروەها بانگەوازی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، یارمەتیدەری خەڵکی سوریا بێ لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەناخوازان بۆ نیشتمانی خۆیان و دەسپێکرانەوەی بنیات نانەوەی ئەو وڵاتە و جەختی لەو خاڵەش کردەوە کە ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لەوان ئەمریکییەکان کە بێ ئیزنی حکومەتی یاسایی سوریا لەو وڵاتە ئامادەن، دەبێ هەرچی خێراتر کۆتایی پێ بێ.

ڕۆحانی کردەی سەرەڕۆیانەی رژیمی زایۆنی لە دەسدرێژی کردنەسەر خاکی سوریای ، بە هەوڵێک لەئاراستەی خستنەمەترسیی ئاشتی وئاسایشی جیهانی زانی و جەختی کرد لەسەر پێویستیی بەرەوڕووبوونەوەی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵیدا.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بانگهێشتنی "ڤلادیمیر پوتین "سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ بەشداری لە دانیشتنی سەرۆک کۆمارانی ئێران، تورکیاو ڕووسیا، سەردانی سوچی کرد.

تەوەری دانیشتنی یەک ڕۆژەی سوچی، بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی ترۆریزمی ناوچەیی و گەڕاندنەوەی هێمنی، گەڕانەوەی ئاوارەکان و چەسپاندنی سەقامی سیاسی لە سوریا، ڕاگەیێندراوە. لەو دانیشتنەدا هەروەها ئەنجامی دانوستانەکانی ناسراو بە ڕەوتی ئاستانە، سەروەری سوریاو هەروەها هاوکاری لە سەردەمی بنیات نانەوەی ئەو وڵاتە ، دەخرێتە بەرباس و لێکدانەوە.

 

سەرپەیڤ