شوبات 15, 2019 07:53 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئامانجی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی لێبڕاوانەی تیرۆریزم، گەڕانەوەی پاوەجێی و ئاسایش بۆ سووریایە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئامانجی هاوبەشی ئێران، ڕووسیا و تورکیا بەرەنگاربوونەوەی لێبڕاوانەی تیرۆریزم و گەڕانەوەی پاوەجێی و ئاسایش بۆ سووریایە.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە  و لە کۆتایی کۆبوونەوەی سێ لایەنەی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە کۆڕی هەواڵنێراندا بە ڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سوچی، وتی: لەم کۆبوونەوەیەدا لە سەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچەکانی دیکە لەوان ئەدلیب جەخت کراو و هەر سێ وڵات یەک بیر و ڕابوون لە سەر ئەوەی کە ئەدلیب بەشێک لە خاکی سووریایە و دەبێ لە لە بوونی تیرۆریستان بە هەر ناو و نیشانێک بە تەواوەتی بسڕدرێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ڕێگای چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا سیاسییە و ڕێگاچارەی سەربازی نییە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران، ڕووسیا و تورکیا هۆگری دامەزراندنی ئاسایشی تۆکمە و تەواو لە سووریا و پەرە پێدانی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی یاسایی ئەم وڵاتەن.

کۆبوونەوەی یەک ڕۆژەی سوچی لە ڕووسیا بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا، ئێران و تورکیا و بە تەوەرەی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش دژ بە تیرۆریزمی ناوچەیی و گەڕاندنەوەی هێوری، گەڕانەوەی ئاوارەکان و دامەزرانی پاوەجێی سیاسیی لە سووریا بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەنجامی دانوستانی ناسراو بە ڕەوتی ئاستانە و دەسپێبونی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆیی، یەکپارچەیی خاک، دەسەڵاتدارێتیی ویست و ورەی گشتی گەلی سووریا و هەروەها هاوکاری لە سەردەمی بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

سەرپەیڤ