شوبات 16, 2019 16:11 Asia/Tehran
  • دیداری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان لەگەڵ زەریف

وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان لەپەراوێزی جڤینی ئاسایشیی مونیخ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و وتووێژی کرد.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران و "زۆهراب مناتسکانیان" وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان ئەمڕۆ شەممە لەو چاوپێکەوتنەدا، لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەتایبەت بواری ئابوری، تیجاری، بانکی ، وزەو گواستنەوە، پرسی قەرەباغ و پرس و بابەتی دیکە وتووێژیان کرد.

"هێنریێتا فۆر" بەڕێوەبەری کارگێڕیی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان(یونیسێف) یش ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزی جڤینی ئاسایشیی مونیخ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و وتووێژی کرد.

زەریف پێشتریش لەپەراوێزی ئەو کۆبوونەوانە لەگەڵ "فدریکا مۆگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا، "مێری رابینسۆن" و "ئەخزەر ئیبراهیمی" لەگرووپی ڕیش سپیانی نێونەتەوەیی ELDERS و "کانگ کیونگ هوا"ی وەزیری دەرەوەی کۆریای باشور دیدار و وتووێژی کردبوو.

جڤینی ئاسایشیی مونیخ سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی بەئامادەبوونی زیاتر لە سەت کەس لە بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسی، ئاسایشی و نێودەوڵەتییەکان لەوان سەرۆک کۆمارانی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری، و ژمارێک کاربەدەستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەس پێ کرا.

بڕیارە زەریف جگە لە وتاردان لە جڤینی ئاسایشیی مونیخ چاوی بە ژمارێک کاربەدەست و کەسایەتی ئامادە لەو دانیشتنە بکەوێ و لەگەڵیاندا وتووێژ بکات.