شوبات 20, 2019 16:25 Asia/Tehran
  • رۆحانی: هەوڵی ئەمریکا بۆ گوشار خستنەسەر بانک و کۆمپانیاکان لەمەڕ هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئێراندا، ترۆریستییە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵی ئەمریکا لە ترساندن و گوشارخستنەسەر بانک وکۆمپانیاکان بۆ هاوکاری نەکردنی ئێرانی بە ترۆریستی ناوبرد.

"حەسەن رۆحانی" ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆڕی ئەنجومەنی وەزیران بەئاماژە بە شکستی بەردەوامی ئەمریکا لە ئێران، وتی: کاتێک کە ئەمریکا بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێودوڵەتییەکان، هەڕەشەی سزادان لە بانک و یان کۆمپانیایەک دەکا لەبەر هاوکاری کردنی وڵاتێک، هەوڵێکی ترۆریستیی ئابوری ئەنجام دەدا.

رۆحانی وتی: ئێرانییەکان بەیەکڕیزیی و هاوهەڵوێستی، بەسەر کردەی ترۆریستیی ئابوریی ئەمریکادا، سەردەکەون.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە تاران لەهەوڵی هاوکاری کردنی هەموو وڵاتانی دۆست وبرادەردایە، وتی: ئێران ئامادەی هاوکاری وهاریکاری لەگەڵ جیهاندایە، بەڵام وڵاتانێک کە هاوکاریی ئێران دەکەن، نابێ زێدەخواز بن.

رۆحانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە گەلی ئێران قەت ناچێتەژێرباری زۆرداریی و ملهوڕی، وتی: ئوروپییەکان هەر بەوجۆرەی بەڵێنیان داوە دەبێ بەڵێنیەکانیان جێ بەجێ بکەن، چونکە ئەوە بەقازانجی ناوچەکەو جیهانە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بەئاماژە بەهاوکاتبوونی دانیشتنی وارشۆ و سوچی، وتی: رۆژێک کە کۆبوونەوەی پڕشورەیی و ناسەرکەوتووی وارشۆ بەڕێوە چوو، کۆبوونەوەکانی سوچی لەئاستی سەرانی ئێران ، تورکیاو ڕووسیا تەواو سەرکەوتووانەو هاواهەنگ بەڕێوە چوو.

رۆحانی وتی: سەرانی ئێران، تورکیاو ڕووسیا لە دانیشتنی سوچی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمریکییەکان بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە سوریا ئامادەن و بەقازانجی ترۆریستان دەجوڵێنەوە.

سەرپەیڤ