شوبات 28, 2019 08:04 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە هیند و پاکستان کرد دانبەخۆدابگرن

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەربڕینی مەخابنی لە تێکهەڵچوونی نێوان هیند وپاکستان، داوای دانبەخۆداگرتنی لەو دوو وڵاتە کرد.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ "شاە مەحمود قورەیشی" وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئامادەیی تارانی ڕاگەیاند بۆ هاوکاربوون لەمەڕ چارەسەریی ئاشتیانەی ناکۆکیی نێوان دێهلی نوێ و ئیسلامئاباد و داوای لەدوو لایەن کرد هەرچی خێراتر پێکەوە وتووێژ بکەن.

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا هیندییەکەشی بەتەلەیفون قسەبکات.

لەهێرشی رۆژی سێ شەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای هیند بۆسەر پێگەی گرووپە ترۆریستییەکان لە باکوری رۆژاوای پاکستان، نزیک بە٣٠٠ کەس کوژران.

دوابەدوای ئەو هێرشە، رۆژی چوارشەممە هێزی ئاسمانیی سوپای هیندو پاکستان پەلاماری یەکتریان دا کە لەئەنجامدا دوو فڕۆکەی سوپای هیند و فڕۆکەیەکی سوپای پاکستان کەوتنەخوارەوە.

سەرپەیڤ