ئادار 06, 2019 12:06 Asia/Tehran
  • عێراقچی :  وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی(بەرجام)، خاوەن ئیرادەی سیاسین

سەرۆکی شاندی ئێرانی لە دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام وتی : ئیرادەی سیاسی لەنێو وڵاتانی ئەندامی بەرجامدا(ڕێککەوتنی ئەتۆمی) هەیە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کەندو کۆسپ و ئەو کێشەو گرفتانەی بە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەدیهاتوون.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ سەید"عەبباس عێراقچی" سەرۆکی شاندی ئێرانی لە دانیشتنی کۆمیسیۆنی بەرجام پێش دەس پێ بوونی دانیشتنی ڤیەن بەئاماژە بەوەی کە هەرسێ مانگ جارێک ئەو دانیشتنە بەڕێوە دەچێ، بەڵام لەبەر ئەو پرس وبابەتانەی کە لەئارادابوون، دانیشتنەکە دواخرا، وتی: کۆڕی ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی تاووتوێی ڕەهەندە ناڤۆکییەکان و هەڵوەشانی ئابلۆقەکان لە بەرجامە.

عێراقچی وتیشی: ڕەهەندو لایەنە ناڤۆکییەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام بەشێوەی ئاسایی خەریکە جێ بەجێ دەکرێ و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ پانزەهەمین جار پشت ڕاستی کردەوە کە ئێران پێبەندە بە جێ بەجێ کردنی بەڵێنیەکانی بەڵام لەمەڕ پرسی لابرانی گەمارۆ و بایکۆتەکان، بەچوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕەوتەکە بەرەوڕووی کێشەو گرفتی جۆراوجۆر بووە.

یاریدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: وڵاتانی دیکەی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام، لەهەوڵی دۆزینەوەی بیرۆکەو میکانیزمگەلێکدا بوون هەتا بتوانن چوونەدەری ئەمریکا قەرەبوو بکەنەوەو ڕێگاچارە بۆ درێژەی هاوکاریی ئابوری لەگەڵ ئێراندا بدۆزنەوە.

لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەوتەوە، دانوستانی کارناسیی دوولایەنەو چەند لایەنە لەنێوان شاندە کارناسییەکانی ئێران و گشت لایەنەکان لەبارەی پرسی بەرەوڕووبوونەوەی شوێنهاتەکانی چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و گەڕانەوەی بایکۆت وگەمارۆکانی ئەو وڵاتەو چۆنیەتی پراکتیکی کردنی بەڵێنی و وادەی ئەندامانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەوبارەوە دەس پێ بووە.

هەروەها سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە، دانیشتنی گرووپی کاریی جێ بەجێ کردنی هەڵوەشانی بایکۆتەکان (کە بەگوێرەی پەیوەستکراوەی چوارەمی بەرجام پێکهاتووە) لە ڤیەن بەڕێوە چوو.

سەید عەبباس عێراقچی یاریدەری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە گەیشتە ڤیەن و لەگەڵ بەرپرسانی ئوروپایی لەوان "هێلگا شمید" یاریدەری سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپایی دیدار و وتووێژی کرد.

سەرپەیڤ