ئادار 12, 2019 12:49 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەمریکا توانای پچڕاندنی پێوەندییەکانی ئێران و ئێراقی نییە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی نییە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئێراق بپچڕێنێ.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ بەشی عەرەبیی کەناڵی بی بی سی لە بەغدا وتی: ئێران لە ئێراقدا لە دووی ململانێ لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکوو ئەوە ئەمریکایە کە ئێراقییەکان بۆ هەڵبژاردن لە نێوان ئێران و  ئەمریکا دەخاتە بن گوشارەوە و بێ گومان تاران لەم بارەوە تا ئێستا داخوازێکی لە ئێراقییەکان نەبووە.

زەریف وتیشی: ئێران خوازیاری پێوەندییەکی باش لەگەڵ ئێراقە لەبەر ئەوەی کە دوو وڵات پێوەندییەکی باشی مێژوویی و جوگرافیاییان هەیە و تەنانەت ئەو شەڕی هەشت ساڵەیەی کە "سەدام حسێن" دیکتاتۆری لەسێدارەدراوی ئێراق بە سەر ئێرانییەکان و ئێراقییەکانی داسەپاند، نەیتوانی پێوەندیی مێژوویی، جوگرافیایی و بنەماڵەیی دوو وڵات بپچڕێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە رایگەیاند: تاران و بەغدا ستراتژییەکی ناوچەیی بە ناوی "ناوچەیەکی بەهێزتر" و نە "وڵاتانێکی بەهێز" یان "پیاوانی بەهێزتر" یان گرتۆتە بەر.

زەریف هەروەها سەبارەت بە مێکانیزمی داکۆکی لە  ئاڵ و وێری بازرگانیی ئێران و  ئەورووپا ناسراو بە ئینستێکس وتی: ئینستێکس هەموو کێشە و گرفتەکانی ئێران چارەسەر ناکات و هەموو وادە و بەڵێنەکانی ئەورووپا وەکوو شەریکی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ ناهێنی.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە بریاری ئەمدواییەی دەوڵەتی بەریتانیا دژ بە بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان و دانانی ناوی ئەم بزووتنەوەیە لە لسیتی گروپە تیرۆریستییەکاندا وتیشی: بەریتانیا بەم کردەوەیە لە راستیدا زۆرینەی خەڵکی لوبنانی خستە نێو لیستی تیرۆریستانەوە.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەروەها پرۆسەی سیاسی لە سووریای بە باشترین بژاردە زانی بۆ چارەسەر کرانی قەیرانی ئەم وڵاتە.

سەرپەیڤ