ئادار 21, 2019 18:16 Asia/Tehran
  •  گوتەبێژی پایەبەرزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران : هێزە چەکدارەکانی ئێران هیچ بەشداریەکیان نیە لە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بەدژی پەکەکە

گوتەبێژی پایەبەرزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هیچ بەسداریەکیان نیە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا دژی پەکەکە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کوردپرێسەوە بە گێرانەوە لە هەواڵدەری فارس، سەردار ئەبۆلفەزل شکارچی گوتە بێژی باڵای  هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەمان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا دژی پارتی کڕێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لە سنووری هاوبەشی دوو وڵات هیچ خۆوەردانێکیان نییە.

 دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆمار و سلیمان سۆیلوو وەزیری نێوخۆی تورکیا بانگەشەیان کرد ئۆپەراسیۆنیی هاوبەش لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا دژی پەکەکە دەستپێکراوە، گوتە بێژی پایەبەرزی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەمان کاردانەوەی نیشان دا و لە لێدوانێک دا ئەم بانگەشەیانەی ڕەتکردەوە.

شایانی باسە، سەرەڕای بانگەشەی دەستپێکرانیی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دوو ڕۆژ لەمەو بەرەوە لە سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانی تورکیا، سەرچاوە خۆجێی و میدیاکان دەنگ وباسێکیان لەمەڕ بەڕێوە چوونی ئەم ئۆپەراسیۆنە ، کە وەک ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو باسییان لێوە کردووە ، بڵاو نەکردۆتەوە.