ئادار 25, 2019 08:53 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی بەھرام قاسمی بەرامبەر بە قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دژی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی دوژمنکارانەی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دژی ئێران، وتی: دەوڵەتی ئەمریکا کە ھیوای بە وەدی ھاتنی ئامانجە نەگریسەکانی لە ناوچەی ھەستیاری ڕۆژھەڵاتی ناڤین دا نەماوە، لە ئێستادا ڕووی لە ھەڕەشەوگوڕەشە کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شەوی دووشەممە وتی: وتەکانی وروژێنەرو دەستوەردەرانەو بەدەر لە دابی دیپلۆماسیی «مایک پەمپێئۆ» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیرووت، دژی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، جارێکی تر شوناس و ھەڵس و کەوتی سەرپەرشت ئاسایی ئەمریکا لە ھەمبەر وڵاتانی سەربەخۆو ئازادو نەتەوە ئازادیخوازەکانی جیھان ئاشکرا کرد.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران،وتیشی: ئاوا ھەڵوێست وەرگرتن و ڕادەربڕین گەلێک لە لایەکەوە نیشانەی شکست ھێنانی پیلان و سیاسەتەکانی زێدەخوازانەی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین و لە لایەکی دیکەوە نیشانەی پێ خۆش نەبوون و مارەنگاز بوونی ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتری کاربەدەستانی نالۆژیکی ئەمریکا لە بەر یەکگرتنی جەماوەری لە لوبنان و دامەزرانی ئۆقرەیی و سەقام لەو وڵاتە بەتایبەت دوای پێکھاتنی دەوڵەتی لوبنانە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای ئاماژە کردن بە سیاسەتی لەمێژینەو بەردەوامی ئەمریکا لە مەڕ ترساندنی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، وتیشی: دەوڵەتی ئەمریکا کە ھیوای بە وەدی ھاتنی ئامانجە نەگریسەکانی لە ناوچەی ھەستیاری ڕۆژھەڵاتی ناڤین دا نەماوە، لەم ئاراستەیەدا وێڕای ئاژاوە دروست کردن و تێکدانی پەیوەندیی نێوان وڵاتان، خەریکی بوختان کردنی بێ ناوەڕۆکە دژی خەڵکانی دیکە.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران،  وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناوی پێویستیی پاراستنی سەقام و ئۆقرەیی ناوچەکە، وێڕای پێداگرتن لە سەر بەھێزکردنی ھاوپشتی و ھاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بۆ خەباتی دژی پاوانخوازی و دەست درێژکارییەکانی ڕژێمی زایونی و بەربەرەکانێ لە ھەمبەر تاقمە تیرۆریستییەکان، وێڕای ڕێزگرتن لە دەوڵەت و نەتەوەی لوبنان لە تەواوی بارستاییەکانی خۆی بۆ ھێزمەند کردنی پەیوەندییەکانی دوولایەنەی نێوان تاران و بەیرووت کەڵک وەردەگرێت.

بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران،وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی لە مارەنگاز بوونی ئەمریکا لە کردەوەو ڕۆڵی پڕلەشانازیی ھێزەکانی خۆڕاگری و حیزبوڵڵای لوبنان و تەواوی ئەو کەسانەی کە پیلانە وەیشومەو کۆڵۆنیالیستییە تازەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەیان تووشی شکست ھێنان و چەقبەستوویی کردووە، تێ دەگات.

«مایک پەمپێئۆ» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا  لەم دواییەدا لە سەردانەکەی بۆ لوبنان جارێکی تر لە ھەنگاوێکی دەستوەردەرانەو دوژمنکارانەی دژی لوبنان و ئێران بانگەشەی کرد کە حیزبوڵڵای لوبنان ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. ناوبراو داوای لە دەوڵەتی لوبنان کرد کە خۆی لە ئێران و حیزبوڵڵا دوور خاتەوە.

ئەم ڕادەربڕینە دوژمنکارانەو دەستوەردەرانەیە لە ئەنجام دا بەرەوڕووی ھەڵوێستی ڕوون و لێبڕاوانەی تەواوی لوبنانییەکان بووەوە پوچەڵ کرایەوە.

سەرپەیڤ