ئادار 26, 2019 08:36 Asia/Tehran
  • ھاودەردی دەربڕینی تورکیاو فەرانساو نەمسا لەگەڵ لێقەوماوانی لافاوەکەی ئێران

دوابەدوای ھەستانی لافاو لە چەندین پارێزگای ئێران و کوژران و بریندار بوونی کۆمەڵێک لە شارومەندانی ئێرانی، کۆمەڵێک لە باڵوێزخانەکانی وڵاتانی جۆربەجۆر لە تاران ، ھاودەردییان لەگەڵ خەڵک و کاربەدەستانی ئێران دەربڕیوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، باڵوێزخانەی فەرانسا لە تاران، بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توییتێڕ، لەگەڵ خەڵک و کاربەدەستانی ئێراندا ھاودەردیی دەربڕیوە. لەم پەیامەدا ھاتووە: فەرانسا وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەو کەس و کاری قوربانیانی ئەم کارەساتە، پشتگریی خۆی بۆتەواوی لێقەوماوانی کارەساتەکە ڕادەگەیەنێت.  

باڵوێزخانەی تورکیاش لە تاراندا بە بڵاو کردنەوەی توییتێک باسی ئامادە بوونی دەوڵەتی ئەم وڵاتەی کردووە بۆ یارمەتی دانی لێقەوماوانی کارەساتی ھەستانی لافاو لە پارێزگاکانی ئێراندا.

«ستیفان شوڵتز» باڵوێزی نەمسا لە تارانیش لە پەیجی ئینیستاگرامەکەی دا ، وێڕای داخ و مەخابن دەربڕین لەبەر ھەستانی لافاو لە پارێزگاکانی باکووری ئێران نووسی: نەمسا بۆ جەماوەری ناوچە زیانوێکەوتووەکاندا ھاودەردی و ھاوپشتیی خۆی دەردەبڕێت و ئامادە بوونی خۆی بۆ کەم کردنەوەی ئەو چورتمانەی خەڵکەکە ڕادەگەیەنێت.

جێگای ئاماژەیە دوابەدوای بارانبارینێکی دەگمەن لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەدا، چەندین پارێزگای ئێران لەوانە گوڵستان، مازەندەران، فارس، لوڕستان و کرماشان تووشی لافاو ھاتوون. بەپێی تازەترین ھەواڵ و زانیارییەکان لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممەی شیراز لە پارێزگای فارس ھەڵکەوتوو لە باشووری ئێران ١٧ کوژراوو لانیکەم ٧٤ برینداری لێکەوتووتەوە کە سێ کەس لە کوژراوان منداڵن و شەش کەسیان پیاوو ھەشتیان ئافرەتن . لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی «دەروازە قورئان»ی شیراز لانیکەم دووسەد ترۆمبیلیشی بردووەو زیانێکی قورسی بەجێ ھێشتووە.

تاقمی جۆربەجۆری ڕێکخراوەکانی فریا کەوتن لەوانە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانیش بۆ بەھاناوە چوونی لێقەوماوانی لافاوەکەی شیراز لە پارێزگای فارس دا سەقامیان گرتووە.

ھەروەھا بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، سەیید مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتیلاعاتی ئێرانیش، بۆ بەسەر کردنەوەو چاودێری و لێکدانەوەی ڕادەی زیانەکانی لافاوەکەی پارێزگای فارس بەرەو شیراز وەڕێ کەوتووە.

سەرپەیڤ