ئادار 26, 2019 16:35 Asia/Tehran
  • جەختی  ڕۆحانی لە سەر ڕاگەییشتنی خێرا بە دۆخی لێقەوماوانی لافاوەکەی ئەم دواییە

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ڕاگەییشتنی خێرا بە دۆخی لێقەوماوانی لافاوەکەی ئەم دواییە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی وڵات ، وتی: تەواوی دامەزراوەکان ھەوڵەکانیان بۆ یارمەتی دانی لێقەوماوان چڕتر بکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی بنکەی بەڕێوەبەرایەتی کردنی قەیران، داوای لە ئەرتەش و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کرد کە بە ھەموو توانایەکەوە لە بواری نەھێشتنی ئاو لە ناوچە سێڵاوبردووەکان و ھەروەھا بە سەرنجدانی بارستایی و مسۆگەراتی کەرتی ئەندازیارییان، شان بە شانی پێکھاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی و فریاگوزار ھەوڵی خۆیان چڕتر بکەنەوە.

«ڕەزا ئەردەکانیان» وەزیری وزەی ئێرانیش لە کۆبوونەوەی بنکەی بەڕێوەبەرایەتی کردنی قەیرانی وڵات، وتی: لەو ١٧ شارو ٦٣٥ گوندەی کە لە بەر سێڵاو، سیستێمی ئاووکارەبایان زیانی وێکەوتووە، لە ئێستادا ٨٤ گوند بە تانکەر ئاویان بۆ دەبردرێت و گرفتی شارو گوندەکانی دیکە چارەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە دوابەدوای بارانبارینێکی دەگمەن لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەدا، چەندین پارێزگای ئێران لەوانە گوڵستان، مازەندەران، فارس، لوڕستان و کرماشان تووشی لافاو ھاتوون. بەپێی تازەترین ھەواڵ و زانیارییەکان لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممەی شیراز لە پارێزگای فارس ھەڵکەوتوو لە باشووری ئێران ١٩ کوژراوو زیاتر لە سەد برینداری لێکەوتووتەوە . لافاوەکەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی «دەروازە قورئان»ی شیراز لانیکەم دووسەد ترۆمبیلیشی بردووەو زیانێکی قورسی بەجێ ھێشتووە.

تاقمی جۆربەجۆری ڕێکخراوەکانی فریا کەوتن لەوانە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانیش بۆ بەھاناوە چوونی لێقەوماوانی لافاوەکەی شیراز لە پارێزگای فارس دا سەقامیان گرتووە.

 

سەرپەیڤ