نیسان 22, 2019 10:12 Asia/Tehran
  • ڕزگار کردنی جۆرەکانی گیانلەبەران, ڕزگار کردنی گۆی زەوییە (تایبەتی ڕۆژی جیهانی زەوینی خاوێن)

بەداخەوە بە هۆی هەنگاوە ناشیاو و خۆویستانەکانی بنیادەمەکان, ئەوەتە نیشانەکانی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی زەوی دەرکەوتوون و جیلی ئێستاکە و داهاتوو لە بەر ئەو پیساییانەوا لە ژینگەیاندا وەدیهاتووە بەرەوڕووی مەترسی بوونەتەوە.کاولکاری بێ وێنە لە جیهان کەمبوونەوەی گژوگیاکان و حەشیمەتی ئاژەڵانی لێ کەوتووەتەوە.

تایبەتی ڕۆژی جیهانی زەوینی خاوێن

لەنێو بردنی دارستانەکان, نەهێشتنی ژینگەی گونجاو و ڕاوکردنی لەڕادەبەدەری ئاژەڵان و لەگەڵ ئەوەشدا کشتوکاڵی ناشیاو کاریگەری زۆری بووە لەسەر وەدیهاتنی ئەم کارەساتانە کە وای کردووە زانستوەران وشداری بدەن لەمەڕ شوێنهاتی نەرێنیی ئەم بابەتە.

بە هۆی بایەخی ئەم دیاردەیە ڕێکخراوی نەتەوەکان دروشمی ئەمساڵ واتە ساڵی 2019ی بە "ڕزگار کردنی جۆرەکانی ژیان" ناودێر کردووە تا بەڵکوو جەماوەری جیهان سەرەنج و گرینگایەتییەکی زیاتر بدەن بەم بابەتە.

گۆی زەوی سەیرۆکەیێکە کە 5 ملیارد ساڵی تەمەنە و تەنیا لە 200 هەزار ساڵی رابردوودا میوانداری کردووە لە مرۆڤەکان. ئەم مرۆڤە زیرەکە بەداخەوە لە ماوەی 200 ساڵی ڕابردوودا بووەتە دوژمنی زەوی و بەردەوام خەریکی لەنێوبردنیەتی. ئەم بابەتە بە هۆی گەشەی حەشیمەت و بەتایبەت بە پیشەسازی بوونی ژیانی مرۆڤەکانە. دیاردەی بە پیشەسازی بوون لە نزیک بە 200 ساڵ لەمەو بەرەوە دەس پێ بوو و لە سەدەی بیستەمدا گەیشتە ئەوپەڕی خۆی.

کارناسان دەڵێن بە هۆی بوونی گازەکانی نێو جەوی زەوی، گەرمای گشتی گۆی زەوی نزیک بە 0.7 پلە زیاتر بووە کە ئەنجامەکەی توانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەر و هاتنە سەری ئاستی ئاوی زەریا ئازادەکانە. کاتێ ئاوی زەریاکان بێنە سەر، زۆرێک لەو خەڵکەی وا لە کەناری دەریاکاندا ژیان دەبەنە سەر ناچار دەبن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بێڵن کە ئەمە بە چەشنێک ئاوارەیی بە هۆی کێشەی ژینگەیە.کێشەکان هەر بەوەندە کۆتاییان پێ نایە.

پتر لە سەتی 40ی وڵاتانی دونیا، بە هۆی هەندێ هۆوهەگەری وەکوو گەشەی حەشیمەت، پەرەسەندنی کاری کشتوکاڵ و ئاودێری، پیس بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی سەر و بن زەوی و کەڵک وەرگرتنی پیشەسازییەکان لەو سەرچاوانە، بەروەڕووی کێشەی کەم ئاوی بوونەتەوە. ئەمڕۆکە دابین کردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەندێک لە وڵاتان بووەتە کێشەیێکی گەورە.

بەڕای کارناسان دەوری جەماوەر لە پێناو بایەخدان بە ژینگە زۆر کارئامەیە. هەر بەم هۆیەوە ئەمڕۆکە یەکێک لەو ڕێگایانە وا پێشنیار دەدرێ بۆ ڕزگار کردنی گۆی زەوی لەو مەترسییانە وا ئاماژەی پێ کرا، گەشەپێدانی ئاستی زانستی ژینگەیە بۆ مرۆڤەکان.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئاوەدان کردنەوەی زەوی و کەڵک وەرگرتنی لە ڕێگایێکی درووستدا، بە هەنگاوێکی باش و بە کردەوەیێکی چاکی زانیوە، لە ئایەتی 61 ی سووڕەتی هووددا دەخوێنینەوە: "خوداوەند ئێوەی لە زەوی خولقاند و کردنیە بەرپرسی ئاوەدان کردنەوەی.

ڕۆژی جیهانی زەوی پاکیش لە ڕاستیدا وەبیرهێنەرەوەی ئاوەها بۆچوونێکە.

ڕۆژێک کە وەبیرمان دێنێتەوە ئاگاداری کردن لە جیهانێک کە تێیدا دەژین ئەرکی سەرشانی هەموومانە. ناودێر کردنی ئەم ڕۆژە بە ناوی زەوی پاک پێمان دەلێ هەوڵ بدەن زیان نەگەیننە زەویێک کە لەسەریدا دەژین، چوونکە بۆ ژیانی باشتر پێویستتان پێیەتی.

 

سەرپەیڤ