نیسان 22, 2019 20:02 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی هاوبەشی رۆحانی و عیمران خان: سنورەکانی ئێران و پاکستان دەبێ سنوری ئاشتی و دۆستایەتی بێ

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە سنورەکانی دوو وڵات دەبێ سنوری ئاشتەوایی و دۆستایەتی بێ، هاوکاریی لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی هەڕەشەوگوڕەشەی وەک ترۆریزمیان بەپێویست زانی.

"حەسەن رۆحانی" و "عیمران خان" ئەمڕۆ دووشەممە لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە لەتاران دەرکرا، وێڕای پێداگریی لەسەر پێویستیی جێ بەجێ کرانی هەرچی خێراتری بەرجام لەلایەن گشت وڵاتان بە سەرنجدان بە جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن تارانەوە، دەم و دەزگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتخانەکانی خۆیان ئەرکمەند کرد هەتا بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو تواناکان، هەنگاوگەلی پێویست بنێن بۆ پەرەی هەرچی زیاتری چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکان.

رۆحانی و عیمران خان بەپێداگری لەسەر پەرەی هاوکاریی ئێران و پاکستان لەبوارە جیاجیاکاندا ڕایانگەیاند: قووڵ کردنەوەو پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەگوێرەی پرەنسیپ و بنەماکانی بەرژەوەندیی نیشتمانی، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و ڕێزدانانی بەرامبەر بۆ سەروەریی نیشتمانی، پێویستە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەروەها بەئاماژە بە پێویستیی هێنانەدی ئەفغانستانێکی هێمن، جێگیر و سەربەخۆ لەئاراستەی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامی ناوچە، بەڕێوەچوونی وتووێژەکانی ئاشتی لەنێوان هەموو لایەنەکان لەئەفغانستانیان بەپێویست زانی و داوایان لە وڵاتانی ناوچەو کۆمەڵگای جیهانی کرد بۆ کۆتایی هێنان بەکێشەو ئاڵۆزیەکان و گەڕانەوەی تۆکمەی ئاشتی بۆ ئەو وڵاتە پێکەوە هاوکاری بکەن.

رۆحانی وعیمران خان جەختیشیان کرد لەسەر پێویستیی چارەسەریی پرسی "جامو و کشمیر" لەڕێی وتووێژ و ڕێگاکانی ئاشتیانەی داڕێژراو لەسەر بنەمای داواکاریی جەماوەری ئەو ناوچەیەو بەگوێرەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەروەها بەئاماژە بە پرسی فەلەستین ڕایانگەیاند: مافی گەلی فەلەستین بۆ مسۆگەرکردن و هێنانەدی مافەکانیان بەتایبەت پێکهێنانی حکومەت و سەروەریی سەربەخۆی فەلەستین، ویست و داوای سەرەکیی وڵاتانی ئیسلامییە.

سەرپەیڤ