نیسان 22, 2019 20:56 Asia/Tehran
  • ڕێبەری باڵای شۆڕش: پەیوەندیەکانی ئێران وپاکستان بەپێچەوانەی مەیلی دوژمنان دەبێ بەهێز بکرێ

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، پەیوەندیی گەلانی ئێران و پاکستانی بە پەیوەندیەکی لەدڵەوە و قووڵ ناوبرد و پێی داگرت: پەیوەندیی دوو وڵات سەرباری دوژمنایەتییەکان دەبێ پتەوتر و بەهێزتر بکرێ.

"حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی" سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لەدیداری"عیمران خان" سەرۆک وەزیرانی پاکستان وشاندی هاوڕێی، پرسە ئاسایشیەکان لەسنوری نێوان دوو وڵاتی بەگرینگ زانی و فەرمووی: گرووپە ترۆریستییەکان کە هۆکاری ئاڵۆزیی و ناهێمنی لەسەر سنورەکانن، بە پارەو چەکی دوژمنان دابین دەکرێن و یەک لەئامانجەکانی جم و جۆڵە دژە ئاسایشییەکان لە سنورەکانی ئێران وپاکستان، تێکدانی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەئاماژە بە ڕیشەی مێژوویی پەیوەندییەکانی دوو نەتەوەی ئێران وپاکستان فەرمووی: ئەوپەڕی مەزنایەتی و شکۆی نیمچەکیشوەری هیند لەسەردەمی دەسەڵاتی موسڵمانان بەسەر ئەو ناوچەدابووەو گەورەترین زەبری ئیستعمارگەران و ملهوڕانی ئینگلیزی لەو ناوچە گرینگە، لەناوبردن و سڕینەوەی شارستانییەتی مەزنی ئیسلامی لەو ناوچەیە بوو.

بەڕێزیان هەروەها وێڕای سوپاس وێژی لە یارمەتییەکانی حکومەتی پاکستان لە لافاوەکەی ئەم دواییە لە ئێران، دەسپێکرانی سەفەری "عیمران خان" بۆ ئێران لە مەشهەدو زیارەتی بارەگای حەزرەتی عەلی ئیبنی موسەڕەزا (ع)ی بەنیشانەیەکی باش ناوبرد و هیوای خواست، بە لوتف و کەرەمی ئەو حەزرەتە، ئەو سەفەرە بۆ هەردوو وڵات بەکەڵک و قازانج بێ.

"عیمران خان" سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بەوەی کە هەندێ لایەن، ناخوازان پەیوەندییەکانی تاران و ئیسلامئاباد لێک نزیک بێت، وتی: هەوڵ دەدەین پەیوەندیی نێوان دوو وڵات پتەوتر لەڕابردوو بێت و لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام لەپەیوەندی وهاریکاریدا دەبین.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەروەها گەورەترین تاڵانی سامانی هیندستانی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی ئامادەبوونی ئینگلیز لەو وڵاتە و وتی: ئینگلیزیەکان هەموو سامانی هیندیان بەتاڵان برد، سیستەمی پەروەردەیان لەناوبرد و هیندیان وەک کۆلۆنیای جەواهیرنیشان ناودێر کرد.