نیسان 25, 2019 10:18 Asia/Tehran
  • ساڵگەڕی شکست ھێنانی شاڵاوی سەربازییانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سارای تەبەس

ئەمڕۆ بیست و پێنجی ئاپریلی ٢٠١٩ ڕێککەوت لەگەڵ پێنجەمی بانەمەڕ، ساڵگەڕی شکست ھێنانی شاڵاوی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانە لە سارای تەبەسی ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتەدا.

سی و نۆساڵ لەمەوبەر لە  بیست و پێنجی ئاپریلی  ١٩٨٠ دا، ئەمریکا بە کۆمەڵێک لە کۆپتەرو فڕۆکەکانیەوە ھێرشی سەربازیی کردە سەر خاکی ئێران.

دەوڵەتی ئەمریکا کە ھەموو جۆرە پیلانێکی لە ئاراستەی شکست پێ ھێنانی سەربازییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاقی کرد بووەوەو کەچی بە ئەنجام نەگەییشت بوو، ئەمجارەیان بە مەبەستی ڕزگار کردنی سیخوڕەکانی مەکۆی شۆڤاریی دەوڵەتی واشێنگتۆن کە لە چوارەمی نوامبەری ١٩٧٩ وە دەستی گیرا بوو بە سەردا، ھێرشی کردە سەر ئێران.

ھێرشی سەربازییانەی سەر تەبەس سەرباری گەڵاڵەی وردو بەکارھێنانی کەرەستەو ئامێری نۆژەن و مەشق و پرۆڤەی ئێجگار زۆر کە ئەمریکییەکان لە شوێنی ھاوشێوەدا ئەنجامیان دابوو، لە بەر ڕەشەبای لم لە بیاوانەکانی شۆرەکاتی گردوپەڕی شاری تەبەس، شکستی ھێناو کۆمەڵێک لە فڕۆکەو کۆپتەرەکانی ئەمریکا گڕیان گرت و چەند لەشکرییەکی ھێزەکانیشی کوژران و بەرماوەکانیان بە سەرشۆڕی خاکی ئێرانیان بەجێ ھێڵا.

ھێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا بڕیار وا بوو دوای دابەزین لە تەبەس دا، بە کۆپتەر بەرەو تاران وەڕێ بکەون ھەتا ئەو فەرمانبەرانەیان  کە لە قەواخی دیپلۆمات دا لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە باتی ئەرکی دیپلۆماسیانە خەریکی کاری شۆڤاری و داڕشتنی پیلانی ڕووخاندنی نیزامی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، لەو شو.ێنە دەرباز کەن.

ئەو بەڵگانەی وا لە بارەی ئەو ڕووداوەوە بەجێ ماون وا دەردەخەن کە ئەو پیلانە بە پێی گەڵاڵەیەکی وردو بە قۆستنەوەی ھەل و مەرجی ئیقلیمیی ئێران لە سارای تەبەس و لە ڕێگای دۆزینەوەو ناس کردنی فڕۆکەیەکی تەریک کەوتەی ڕۆژھەڵاتی ئێرانەوە داڕێژرا بوو، کەچی سەرباری ئەوەش سەری نەگرت و شکستی ھێنا.

ڕووداوی تەبەس وەک بەڵگەیەکی دیکەی ئامانجەکانی دەست درێژکارانەی ئەمریکا دژی گەلی ئێران لە مێژووی ڕووداوەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تۆمار کراوە.

 

سەرپەیڤ