May 13, 2019 19:55 Asia/Tehran
  • رەخنەی ئێران لە سیاسەتی یەکێتی ئوروپا لەهەمبەر بەرجامدا

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆم وێڕای ڕەخنەگرتن لە کردەوەی وڵاتانی ئوروپایی لەهەمبەر بەرجام، وتی: وڵاتانی ئوروپایی دەبێ لەپاڵ داکۆکیی سیاسی، هەنگاوی پراکتیکیان هەڵگرتبا بۆ ڕزگاریی بەرجام بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون هیچ ریسکێک لەوبارەوە بکەن.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، "حەمید بەیات" لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی فەرمیی ئیتالیا(ئانسا) بەئاماژە بەوەی کە ئێران لە چوارچێوەی بەرجامدا پێبەندبووە بە هەموو وادەو بەڵێنیەکانی و ئەو پێبەندییە چواردە جار لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیشەوە پشت ڕاست کراوەتەوە، وتی: یەکێتی ئوروپا دەبێ لەهەمبەر بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بەئێران، خۆڕاگر بێ.

باڵوێزی ئێران لە ئیتالیا پێی داگرت، وەگەڕخرانی میکانیزمی تایبەتی دراڤیی ئوروپاو ئێران(ئینستێکس)یش گۆڕانێکی بنەڕەتی لەسودوەرگرتنی ئێران لە بەرژەوەندییە بەرجامییەکانی لێ نەکەوتووەتەوەو تەنیا داکۆکیی سیاسی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەس نییەو ئوروپا دەبێ هەنگاوی پراکتیکی لەوبارەوە هەڵبگرێ.

ئێران ساڵێک پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لەبەرجام و پەیمان شکێنی ئوروپا لە جێ بەجێ کردنی بەڵێنیەکانی لەهەمبەر ئەو ڕێککەوتنە ناڤۆکییە، ١٨ی مای٢٠١٩ بڕێک هەوڵی خۆی هاوپێوەند بە بەرجامی ڕاگرت و بەوڵاتانی ماوە لەو ڕێککەوتنە، شەست ڕۆژ مۆڵەتی دا هەتا بەڵێنیەکانیان بەتایبەت لەبواری بانکی و نەوتی جێ بەجێ بکەن.

ناوبراو لەدرێژەی ئاخاوتنەکەیدا هەروەها بەئاماژە بەوەی کە ڕەفتاری ئەمریکا لەناوچە، ئاستی مەترسیی تێکهەڵچوونی سەربازی دەباتەسەر، وتی: ئێران هەردەم خاوەن گەلێکی ئاشتی خواز بووەو خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام بێتوو پەلاماری بکرێتەسەر داکۆکی لەخۆی دەکا.

سەرپەیڤ